5 کاتژمێر پێش ئێستا
171 جار خوێنراوەتەوە
پارێزگاری سلێمانی: پاڵاوگە گەورەکان نرخی بهنزین دیاری دەکەن
پهیام
پارێزگاری سلێمانی جەخت لە پابەندبوون بە نرخی فەرمی بەنزینی حکومی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە ٨٥٠ دینار دەفرۆشرێت و ڕێگە بە هاوردەکردنی سوتەمەنیش دەدرێت.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزینی حکومی بۆ ئەو بڕەی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، پێشتر و ئێستاش لە پارێزگاکەدا جێبەجێ کراوە. ئەو بەنزینە فەرمییەی دەگاتە دەستیان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بەسەر چەند بەنزینخانەیەکی دیاریکراودا دابەش دەکرێت و بە هەمان نرخی بڕیارلێدراو بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.
سەبارەت بە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە پاڵاوگە گەورەکان لەژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا نرخەکە دیاری دەکەن. بڕیارە دوای گەیشتنی بڕی پێویست، بە زامنکردنی کوالێتی، زیادکردنی قەبارەی خستنەڕوو و پاراستنی مافە داراییەکانی بەنزینخانەکان، نرخی یەک لیتر بەنزینی بازرگانی بە ٨٥٠ دینار بگاتە دەستی بەکاربەران.
لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەدا هاتووە کە دەرگا بەڕووی هەموو لایەکدا کراوەیە بۆ هاوردەکردنی بەنزین و سوتەمەنی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. ئەم پرۆسەیەش دەبێت بەپێی مەرجەکان و پێوەرەکانی کوالێتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانیدا لەژێر چاودێریی توندی لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکاندا بخرێتە ڕوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە