1 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
زیقار.. پاسێكى زیارەتكاران وەرگەڕا و بە تەواوی سووتا و دەیان قوربانى لێکەوتەوە
پەیام
بەهۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوە پاسێكی گواستنەوەی زیارەتكارانی شیعە لەسەر ڕێگای زیقار-بەسرە، وەرگەڕا و سووتانی پاسەكە بە تەواوی لێ كەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان كەس.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای زیقار ڕایگەیاند دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕووداوێكی هاتوچۆی قورس لەسەر ڕێگای خێرای نێوان پارێزگاكانی زیقار و بەسڕە ڕووی دا، ئەوەی پاسێكی زیارەتكاران وەرگەڕا و لەگەڵ ئەوەشدا گڕیگرتووە و پاسەكە بە تەواوی سوتاوە.
لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای كرد "بە پێی دواین ئامار 21 كەس گیانیان لەدەستداوە و 19 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە زۆرینەیان خەڵكی بەسڕەن و ژمارەیەكیشیان زیارەتكاری ئێرانین".
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: وەزیر داوای لە دامەزراوە تەندروستیەكان كردووە بەدواداچوون بۆ دۆخی بریندارەكان بكەن و پێداویستی فریاگوزاری خێرایان بۆ دابین بكەن.
پارێزگاری زیقار دوای گەیشتنی بە شوێنی ڕووداوەكە سەرپەرشتیكردنی تیمەكانی فریاكەوتن و گواستنەوەی تەرمەكانی كرد، هەروەها ڕایگەیاند: لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستنیشانكردنی هۆكاری سەرەكیی ڕووداوەكە لە لایەن پۆلیسی هاتووچۆوە دەستی پێكردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە