2 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
دەیان چەكداری پێشووی ڕژێمی سووریا لە ڕیزەكانی هەسەدە دوورخرانەوە
پەیام
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەیان چەكداری پێشووی ڕژێمی سووریایان لە ڕیزەكانیان دوورخستەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ناویان لە پلانەكانی یەكخستنەوەی دەزگا سەربازی و ئەمنییە نوێیەكانی دەوڵەتدا دوورخرایەوە و لە لیستی تێكەڵكردنەوەی هێزەكاندا جێگەیان نەكرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەكان، ئەم هەنگاوەی هەسەدە لە چوارچێوەی پرۆسەی دووبارە ڕێكخستنەوەی پێكهاتە سەربازی و ئەمنییەكاندایە، كە هاوكاتە لەگەڵ لێكتێگەیشتنە سەرەتاییەكانی تایبەت بە تێكەڵكردنی هەسەدە لەناو دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی سووریادا.
ئەو چەكدارانەی كە ئێستا ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، پێشتر لەو گرووپانە بوون كە لە ساڵانی ڕابردوودا و دوای كشانەوە و لاوازبوونی هەژموونی ڕژێمی پێشوو لە ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیوەندییان بە ڕیزەكانی هەسەدەوە كردبوو.
سەرچاوەكان دوپاتیان كردەوە، ئەم گرووپە دوورخراوانە لەو پۆلێنە ئەمنییانە نین كە لە ئێستادا پلانی یەكخستنەوە و دابەشكردنیان بەسەر دامەزراوە سەربازییە نوێیەكاندا بۆ دانراوە.
ئەم ڕێكارە نوێیانە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆ چڕەكانی نێوان هەسەدە و حكومەتی سووریا بۆ گەیشتن بە میكانیزمێكی كۆتایی سەبارەت بە یەكخستنەوەی سەربازی و ئەمنی.
ئامانج لەم هەوڵەش، دووبارە ڕێكخستنەوەی تەواوی هێزە چەكدارەكانە لە چوارچێوەی دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتدا، بە مەبەستی سەقامگیركردنی دۆخی ئەمنی و پاراستنی یەكپارچەیی دامەزراوە سەربازییەكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە