2 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا: تاڕێککەوتنى کۆتایی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێران بەردەوام دەبێت
پەیام
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی تاران ڕەزامەندی لەسەر مەرجە كۆتاییەكانی ڕێككەوتنێك نیشاندا كە لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانەوە پەسند كراوە.
سەرۆكی ئەمریكا لە لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەوەی وتوێژەكان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەركردایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، وەك سەرۆكی وڵات بڕیاری داوە ئەو بۆردومان و هێرشانەی كە بڕیار بووە ئەنجام بدرێن، ڕابگرێت.
ترەمپ جەختی كردەوە، مەرجە كۆتاییەكانی ڕێككەوتنەكە چ لە ڕووی بنەمایی و چ لە وردەكارییەكانەوە، لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە پەسەند كراوە.
ئەو وڵاتانەی كە ڕەزامەندییان لەسەر ڕێككەوتنەكە دەربڕیوە بریتین لە: ئەمریكا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، توركیا، پاكستان، بەحرەین، كووەیت، ئوردن، میسر و چەند وڵاتێكی دیكەیش.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش كرد كە گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا بە تەواوی و وەك خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی ئەم ڕێككەوتنە بە فەرمی و بە تەواوی كۆتایی دێت و جێبەجێ دەكرێت.
هەروەها بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا كات و شوێنی واژۆكردنی ئەم ڕێككەوتنە مێژووییە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە