2 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتى نەوتى عێراق هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانى نەوت دەکاتەوە
پەیام
وتەبێژی وەزارەتى نەوتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانى نەوت دەكەنەوە بەجۆرێك لەگەڵ بارودۆخی عێراق بگونجێت.
سەلیم ڕیكابی، وتەبێژی وەزارەت، دوێنێ ڕایگەیاند، ڕێكخراوی ئۆپێك دەستی كردووە بە گەڕاندنەوەی پلەبەندیی بڕی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئاستی پێش جەنگ.
ئاماژەی بەوەشكرد، لێگەیشتنێكی باڵا لە ناو ئۆپێكدا هەیە كە ڕەچاوی بارودۆخی نائاسایی چوار دەیەی ڕابردووی عێراق و ئەو زیانانە دەكات كە بەهۆی شەڕ و تیرۆرەوە بە ژێرخانی نەوتی وڵاتەكە گەیشتوون.
هەروەها وتەبێژەكە ڕەتی كردەوە حكومەت نیازی چوونە دەرەوەی لە ئۆپێك هەبێت، بەڵكو جەخت لەسەر دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنان دەكەنەوە بەجۆرێك لەگەڵ بارودۆخی وڵاتەكە بگونجێت.
ڕیكابی ڕوونی كردەوە، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی، كار دەكرێت بۆ دیاریكردنی توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی وڵاتانی ئەندام، ئامانجی سەرەكی عێراق ئەوەیە پێگەی خۆی وەك دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ڕێكخراوەكە بەدەستبهێنێتەوە، تاوەكو داهاتی پێویست بۆ ئابووری نیشتمانی دابین بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە