1 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
ئێران بنكەكانی ئەمریكاى لە ناوچەكە بۆردومان كردەوە
پەیام
لە وەڵامی هێرشەكەی سەر شاری سیریك-ی ئێرانی، سوپای پاسداران چەند بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكای لە ناوچەكە كردە ئامانج.
ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: هێزە دەریاییەكانی وەك وەڵامێك بۆ بۆردومانەكەی واشنتۆن بۆ سەر شاری سیریك لە باشووری وڵاتەكە، پێگەكانی سوپای ئەمریكایان لە ناوچەكە پێكاوە و ئاماژەی بەوە كرد "هێرشەكەی ئەمریكا بە پاساوی دەستوەردانی ئێران بووە بەرانبەر كەشتییەك لە گەرووی هورمز، كە بە وتەی ئەوان "لە ڕێڕەوێكی ڕێپێنەدراو"دا بووە.
سوپای پاسداران واشنتۆنی تۆمەتبار كردووە بەوەی هەوڵی تێكدانی بەندەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوانیان لەبارەی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز دەدات و هێرشەكەیشی وەك پێشێلكارییەكی هاوشێوەی كارەكانی قەوارەی ئیسرائیل لە لوبنان وەسف كردووە.
سوپای پاسداران هۆشداریی توندیشی داوە كە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر دەستدرێژییەك، وەڵامی زۆر توندتر و فراوانتری دەبێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكای بۆ سەر كەناراوەكانی باشووری وڵاتەكەی كرد و بە پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەندەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوانیانی وەسف كرد.
دوێنێ، هەینی تەلەفزیۆنی فەڕمیی ئێران بڵاوی كردەوە " بەندەری شاری سیریك بە ئامانج گیراوە"، دواتریش فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند: هێرشەكە لە تۆڵەی هێرشێكی ڕۆژی پێنجشەممە بووە كە كراوەتە سەر كەشتییەكی بازرگانی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە