2 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
بەغدا... نزیکەى ٢٠ کەس لە ئۆپەراسیۆنەکەى ناوچەى سەوز دەستگیرکراون
پەیام
لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد، هاوکات ناوچەی سەوز لە بەغدا بە تەواوی داخرا و هێزێکی سەربازیی زۆر بڵاوەی پێکرا.
سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ی ڕاگەیاندووە، دوای وەرگرتنی وتە و دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن بۆ سەر تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی دەستی پێ کردووە کە نزیکەی ٢٠ کەس دەستگیرکراون. لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەن کە پارێزبەندییان لێ سەندراوەتەوە، لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکە کە ناویان لە دانپێدانانەکاندا هاتووە. سەرچاوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر سامانی گشتی.
پێشتر میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە هێزە تایبەتەکان ناوچەی سەوزی حکومییان داخستووە و هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دژی چەندین کەسایەتیی سیاسی و سەربازی دەستپێکردووە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین وێنە بڵاوکراونەتەوە کە تیایاندا جووڵەی تانک و زرێپۆشە سەربازییەکان لەناو شەقامەکانی ناوچەی سەوزدا دەبینرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوەپێکردنی چڕی هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و فیرقەی تایبەت بە پاراستنی ناوچەکە.
لە ئێستادا، ناوچەی سەوز بە ڕووی هاتووچۆدا بە تەواوی داخراوە و ڕێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر. دەروازەکانی ناوچەکە قەرەباڵغییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و جووڵەی ئۆتۆمبێلی ئەو فەرمانبەرانەی لە دامودەزگا حکومییەکانی ناوچەی سەوزدا کاردەکەن، بە توندی کۆتوبەند کراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە