1 کاتژمێر پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
ئێران.. لە هێرشەکانی ئەمریکادا ١٤ کەس کوژراون و ٧٨ی دیکەش بریندار بوون
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێنج پارێزگای ئەو وڵاتە ١٤ کەس کوژراون و ٧٨ی دیکەش بریندار بوون، هاوکات گەشتەکانی شەمەندەفەری تاران-مەشهەدیش ڕاگیراون.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند هێرشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی تەممووزدا پێنج پارێزگای جیاوازی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج. بە وتەی ئەو بەرپرسە، تا ئێستا لەو هێرشانەدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ کەسی دیکەش بریندار بوون. لەم چوارچێوەیەدا، قایمقامی شاری ئێرانشەهریش پشتڕاستی کردەوە کە فەرمانبەرێکی فەرمانگەی کەشناسیی شارەکە لە کاتی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی شارەکەیان کوژراوە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئێران ڕایگەیاند بەهۆی هێرشێکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر خاڵێکی هێڵەکە، گەشتەکانی شەمەندەفەر لە نێوان تاران و مەشهەد بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون. کۆمپانیاکە ئاماژەی پێ کردووە کە تیمە تەکنیکییەکان لە شوێنی ڕووداوەکەن و خەریکی چاککردنەوەی بەشە زیانلێکەوتووەکانن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا هێڵەکە بخرێتەوە گەڕ.
بۆ ڕێگریکردن لە دواکەوتنی سەرنشینان، بەرپرسانی هێڵی ئاسنی ئێران ڕوونیانکردەوە کە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ گواستنەوەی گەشتیارانی ئەو هێڵە پەککەوتووە بۆ شاری مەشهەد لە ڕێگەی پاسەوە، تا ئەو کاتەی هێڵی شەمەندەفەرەکە بە تەواوی نۆژەن دەکرێتەوە و دەکەوێتەوە خزمەتگوزاری.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە