2 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
لەسەر گەندەڵی 40 كەسایەتی لە عێراق هەڕەشەی دەستگیركردنیان لەسەرە
پەیام
بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە 40 كەسایەتی سیاسی لە عێراق هەڕەشەی دەستگیركردنیان لەسەرە و ململانێی لایەنەكان توند بووەتەوە.
سەرچاوە سیاسی و دادوەرییەكان ئاشكرایان كردووە "لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەیەكی گەندەڵی پەیوەست بە عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوت، تا ئێستا 27 تۆمەتبار دەستگیر كراون و دەستیش بەسەر زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاردا گیراوە و چاوەڕوان دەكرێت 40 كەسایەتی دیكەیش دەستگیر بكرێن".
كەناڵی حوڕڕەی ئەمریكی بڵاوی كردەوە "هەڵمەتەكە ڕەهەندێكی سیاسی وەرگرتووە؛ لایەنە سیاسییەكان دۆسیەی گەندەڵی وەك چەكێك دژی یەكدی بەكار دەهێنن".
لەوبارەوە سیاسییەكی باڵای شیعە، كە كاندیدی پۆستێكی وزارییە، ئاشكرای كردووە "لە لایەن هەندێك فراكسیۆنەوە هەڕەشەی لێ كراوە دۆسیەی گەندەڵی لەسەر بكەنەوە ئەگەر پاشەكشە لە وەرگرتنی وەزارەتەكەی نەكات".
ئەم ململانێیە گەیشتووەتە ئاستێك كە لایەنەكان داوا دەكەن دۆسیەی ئەو وەزارەتانە هەڵبدرێنەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی نەیارەكانیاندایە، ئەمەش وای كردووە هەڵمەتە یاساییەكە وەك ئامرازێكی فشار بۆ دەستكەوتی سیاسی دەربكەوێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە