2 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
كۆڕەك تیلیكۆم قەرزەکانى نەداتەوە مۆڵەتەکەى هەڵدەوەشێنرێتەوە
پەیام
بەهۆی پاكتاونەكردنی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەری كە نزیك بە دوو ترلیۆن دینار دەبێت، عێراق سەرلەنوێ دۆسیەی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم هەڵ دەداتەوە و ئەگەرى هەڵوەشانەوەى مۆڵەتەکەى دەکرێت
لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەڕمی، بەلاسیم سالم جەنابی سەرۆكی (ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان) ڕایگەیاند: دەستەكەیان لە قۆناغی داهاتوودا زنجیرەیەك ڕێكاری جێبەجێكاری بەرانبەر كۆرەك تیلیكۆم دەست پێدەكات و وردەكارییەكانیشی لە داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.
هەر لەوبارەوە، مونا محەمەداوی ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند: هەموو بژاردە یاساییەكان لەسەر مێزن و چاوپۆشی لە مافەكانی دەوڵەت ناكەین و لیژنەكە هیچ ڕێوشوێنێك پەسەند ناكات كە زیان بە سامانی گشتیی یان بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بگەیەنێت.
لای خۆیەوە، عەلی ئەنوەر عیسا شارەزای ئاسایشی تەكنەلۆجیای زانیارییش ڕاگەیاند: كۆرەك قەرزێكی زۆری لەسەرە و سەرەڕای پەنابردن بۆ دادگا، نەیتوانیوە شایستە داراییەكان بسڕێتەوە، بۆیە بڕیاری كۆتایی ئەوەیە دەبێت قەرزەكان بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو و بە قیست بداتەوە، بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكەی بۆ هەمیشەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە و كۆمپانیای نیشتمانی لە بواری مۆبایلدا دەبێتە جێگرەوەی.
بڕی كۆی گشتیی قەرزەكانی سەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە سیروان بارزانی برازای مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی خاوەندارێتیی سەرەكیی دەكات، نزیكەی 2 ترلیۆن دینار، واتە نزیك بە 1.5 ملیار دۆلاری ئەمریكییە و سەرەتاكەی بۆ ساڵانی 2007 تا 2023 دەگەڕێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە