2 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا... لە ڕووداوێکی تەقەکردندا سێ کەس کوژران و چواری دیکەش برینداربوون
پەیام
لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە فیستیڤاڵێک لە ناوەڕاستی شاری سیاتڵی ئەمریکا، سێ کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیسیش گومانلێکراوێکی دەستگیرکردووە و بەدوای کەسی دووەمدا دەگەڕێت.
تایرۆن دەیڤس، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی سیاتڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕووداوەکە لە درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە ڕوویداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا دوو کەس لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام یەکێک لە بریندارەکان دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. لە ئێستادا باری تەندروستی هەر چوار بریندارەکە جێگیرە کە منداڵێکیشیان تێدایە.
پۆلیسی شارەکە ڕوونیکردەوە کە یەکێک لە گومانلێکراوەکان دەستبەسەر کراوە، لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی کێوماڵکردن و گەڕانن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوی دووەم کە پێدەچێت بەشداربووبێت لە تەقەکردنەکەدا.
هەروەها کەیتی ویڵسۆن، سەرۆکی شارەوانی سیاتڵ، لە بەیاننامەیەکدا ڕووداوەکەی بە "کردەوەیەکی توندوتیژیی تۆقێنەر" وەسف کرد. جەختی لەوەش کردەوە کە خێزانە قوربانییەکان بە سەختترین کاتی ژیانیاندا تێدەپەڕن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە