1 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ لە جەنگی سەر ئێراندا؛ ئەمریکا ملیاران دۆلار و زیانی زۆری سەربازیی کردووە
پەیام
ڕاپۆرتێکی نوێی پێنتاگۆن ئاشکرای دەکات تێچووی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران گەیشتووەتە ٣٣.٤ ملیار دۆلار، کە بووەتە هۆی کورتهێنانی گەورەی تەقەمەنی و زەرەروزیانی گەورە لە کەلوپەل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.
بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی پشکنەری گشتی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کە تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ئۆپەرسیۆنە سەربازییەی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بە لێدانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کرد، تاوەکو ٣٠ی حوزەیران نزیکەی ٣٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری لەسەر واشنتن کەوتووە. لەو بڕە خەرجییە، ٢٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تەنیا بۆ بەهای ئەو تەقەمەنییانە بووە کە بەکار هاتوون، ٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ زیانی ئامێر و کەلوپەلە سەربازییەکان و، ٧ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ خەرجیییەکانی دیکە تەرخان کراوە؛ بەبێ ئەوەی تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو دامەزراوانەی زیانیان بەرکەوتووە لەم ئامارانەدا ئەژمار بکرێت.
درێژەکێشانی جەنگی سەر ئێران بووەتە هۆی کورتهێنانی گەورە و فراوان لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەم کورتهێنانە وای لە دۆناڵد ترامپ کردووە لە وەرزی هاویندا هێرشی بەرفراوان بۆ سەر تاران نوێ نەکاتەوە و تەنیا سزای قورس بخاتە سەر کەرتی ئابووری و بەندەرەکانی ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا ئیدارەکەی ترامپ هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی کڕین، کەمکردنەوەی کاتی بەرهەمهێنان و عەمبارکردنی کەرەستە سەرەکییەکان چڕ کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترامپ لە مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدا ڕاپۆرتەکانی کەمتربەکارهێنانی چەکی ڕەت دەکردەوە و جەختی لەوە دەکردەوە وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی "بێسنوور" لە تەقەمەنییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە وەڵامدانەوە مووشەکی و سەربازییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی، زیانی گەورەیان بە سەدان باڵەخانە و دامەزراوە لە بنکە ئەمریکییەکانی وڵاتانی کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، سعودییە، عێراق، عوممان و ئوردون گەیاندووە. هەروەها لە بەڵگەنامەکەدا کە زانیارییەکانی نێوان نیسان تا حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەگرێتەوە، ئاماژە بە وێرانبوونی چوار فڕۆکەی جەنگی لە جۆری (ئێف ١٥)، زیانپێکەوتنی فڕۆکەیەکی (ئێف ٣٥)، زیانپێکەوتن یان وێرانبوونی حەوت فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی (کەی سی ١٣٥)، و خستنەخوارەوەی تا ٣٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (MQ-٩ Reaper) کراوە.
ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن ئاشکراشی دەکات کە زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی بەشدارییان لەم جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. هاوکات لە ئەنجامی وەڵامدانەوەکانی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانیدا، زیانی ڕاستەوخۆ بەر باڵەخانە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە چوار وڵاتی ناوچەکە گەیشتووە، کە بریتیین لە عێراق، کوێت، سعودییە و ئیمارات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە