1 کاتژمێر پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
لە ویلایەتی واشنتن بەهۆی گڕگرتنی دارستانەكان باری نائاسایی ڕاگەیەندرا
پەیام
دەسەڵاتدارانی ئەمریكا بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان نزیكبوونەوە لە ناوچە نیشتەجێبوونەكان، باری نائاساییان لە ویلایەتی واشنتۆن ڕاگەیاند.
تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە كە بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی ئاگر لە شاری سیۆكان، فەرمانی چۆڵكردنی ماڵی هەزاران خێزان دەركراوە و گاردی نیشتمانی بۆ پشتیوانیی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بڵاوەی پێكراوە.
دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند ئەم ئاگركەوتنەوەیە بووەتە هۆی بڕانی كارەبا لە 13 هەزار ماڵ و هەڕەشە لە پێنج هەزار باڵەخانە دەكات، كە ئەمەش ئاڵنگارییەكی گەورەی بۆ دەزگا خزمەتگوزارییەكان دروست كردووە.
لایەنە پەیوەندیدارەكان جەخت دەكەنەوە كە هەموو تواناكانیان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و گرتنەبەری ڕێكاری پێویست خستووەتە گەڕ.
لە ئێستادا تیمەكان ڕووبەڕووی 10 ئاگری گەورە لە تەواوی ولایەتەكەوە بوونەتەوە و ئامارەكان نیشانی دەدەن كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 425 هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.
گرتە ڤیدیۆییەكان سووتانی چەندین خانوویان لە ناوچە نیشتەجێبوونەكاندا تۆمار كردووە، لە كاتێكدا دووكەڵێكی چڕ ئاسمانی ویلایەتەكەی داپۆشیوە.
بەرپرسان بەردەوامن لە كاركردن تاوەكو ڕێگری لە هەر گیانلەدەستدانێك بكەن و ئاڕاستەی ئاگرەكە لە جومگە ستراتیژییەكان دوور بخەنەوە تاوەكو زیانەكان بە كەمترین ئاست بگەیەنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە