1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: گهمارۆی ئهمریكا دووبارهیه و ئهزانین چۆن مامهڵهی لهگهڵدا بكهین
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی ڕایگەیاند ئەمریکا پێشتر چەندین پلانی وەک جەنگی ئابووری دژبە ئێران جێبەجێی کردووە، بەبێ ئەوەی ھیچ ئەنجامێک بەدەست بھێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی ڕایگەیاند، ئەو جەنگە ئابوورییەی کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دژبە ئێران ڕاگەیاندراوە، سیناریۆیەکی دووبارەیە و دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
عەباس عەراقچی لە وتەیەکدا کە لە میانی بەسەرکردنەوەی مەزارگەی ڕابەری شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی بەبۆنەی "ھەفتەی دەوڵەت" پێشکەشی کرد باسی لەوە کرد کە ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کردبوو و ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر ئێران کرد، بەرلەوەی بگەڕێتەوە بۆ پلانەکانی پێشووی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا پێشتر چەندین پلان وەک جەنگی ئابووری دژبە ئێران جێبەجێی کردووە، بەبێ ئەوەی ھیچ ئەنجامێک بەدەست بھێنێت و وتی: "ئەوان (ئەمریکا) لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەلی گەورەی ئێراندا، ناتوانن بیر لە ھیچ چارەسەرێکی دیکە بکەنەوە، بۆیە بەردەوام ھەمان پلانە کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە".
عەباس عەراقچی وتیشی: "دەبێت بەرپرسانی ئەمریکا ئەوە بزانن کە جگە لە قسەکردنی بەڕێزەوە لەگەڵ گەلی ئێران ھیچ ڕێگایەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە، ھەروەھا پێویستە چارەسەرێک بدۆزنەوە لەسەر بنەمای دادپەروەریی و کەرامەت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە