55 خولەک پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا: رۆژانە ٧ تا ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە هورمزەوە دەنێردرێتە دەرەوە
پەیام
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ، ڕۆژانە ٧ تا ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزەوە دەنێردرێتە دەرەوە.
ڤانس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "نیوزماکس" ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتیی ئامادەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی. ئاماژەی بەوەش کرد واشنتن چەندین ئامرازی جۆراوجۆری ئابووری و بڕیاری لە بەردەستدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاران، کە بەهێزترینیان سەپاندنی سزایە بەسەر ئێراندا لەبەرانبەر هەوڵەکانی بۆ پەکخستنی بازرگانی نەوت و گاز.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە تاران توانای پچڕاندنی ڕێگە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی نییە، ئەوەش کارتەکانی گوشاری ئەو وڵاتەی کەمکردووەتەوە. بە وتەی ڤانس، لە ئێستادا ئێران لەژێر گوشارێکی زۆردایە و ئەم بارودۆخەش خزمەت بە ئامانجی ئەمریکا دەکات لە ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی وزە و ڕێگریکردن لە بەرنامە ناوەکییەکەی تاران.
هاوکات، ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتاکانی دەریادەوانی بڵاویکردەوە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کەمتر لە ٢٠ کەشتیی بارهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون، کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ کاریگەریی گرژییەکان لەسەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییە دەریاییەکان لە ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە