2 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
ئهمریكا دهستپێكردنی هێرشێكی توندی ئابووری بۆسهر ئێران ڕاگهیاند
پهیام
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی گەورەترین هێرشی دارایی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند، هاوکات هۆشداریشی دا کە هەر وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ تاران بکات ڕووبەڕووی سزای ئابووری دەبێتەوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕۆژی لێپرسینەوەی ئابووری" بۆ ئێران نزیک بووەتەوە و ئامانج لەم هەنگاوە نوێیە پچڕاندنی تەواوی ئەو شادەمارە داراییانەیە کە سیستەمی دهسهڵاتی ئەو وڵاتە بەپێوە دەهێڵنەوە. بەپێی زانیارییه میدیاییهكان، هەرچەندە تا ئێستا وردەکاریی سزاکان بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام ئەم قۆناغە نوێیە گواستنەوەی ستراتیژیی واشنتن نیشان دەدات لە سزای ڕاستەوخۆوە بۆ سزای لاوەکی، کە تێیدا ئەو لایەن و وڵاتانە دەکرێنە ئامانج کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تاران دەکەن.
لە درێژەی لێدوانەکانیدا، بێسێنت هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەر وڵاتێک وەک سەرچاوەیەکی دارایی بۆ تاران کار بکات، دەبێت چاوەڕوانی هەمان سزا بکات و ڕێگەکانی گەشەسەندنی ئابووری بەڕوودا دادەخرێت. هاوکات لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی، وەزیری گەنجینە هۆشداری دا کە هەر کردارێکی سەربازی دژی هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی بەدوادا دێت.
ئەم پێشهاتە نوێیانە لە کاتێکدان کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێرانی توندتر کردووە. لە پاڵ ئەمەشدا، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە دابینکردنی پاراستنی ئەمنی بۆ ئەو تانکەرانەی نەوت و غاز کە بە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، بە مەبەستی زامنکردنی سەلامەتیی کەشتیوانیی ناوچەکە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە