1 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
ئەوروپا ئیدانەی سزاكانی ئەمریكا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا دەكات
پەیام
لە كاردانەوەدا، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەوروپا سەركۆنەی سزاكانی ئەمریكان كرد و نەتەنیاهوویش پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند.
لە كاردانەوەی سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، دادگاكە لە بەیاننامەیەكدا ئەو هەنگاوەی بە "هێرش بۆ سەر سەروەری یاسا و سیستەمی دادوەری نێودەوڵەتی" وەسف كرد.
تومۆكۆ ئەكانی، سەرۆكی دادگاكە جەختی كردەوە، كە سەرەڕای فشار و هەڕەشەكان، دادگا بە بێلایەنی و سەربەخۆیی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئەركەكانی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەكان.
هەروەها، یەكێتی ئەوروپا و چەند وڵاتێكی ئەوروپی وەك نەرویج و بەلجیكا، نیگەرانی قوڵی خۆیان دەربڕی و سزاكانی ئەمریكایان بە "داخراو و پەسەندنەكراو" ناو برد. بەلجیكا داوای كاراكردنی "یاسای بەربەستكردن"ی كردووە بۆ پاراستنی دادگاكە.
وڵاتانی ئەوروپی بەڵێنیانداوە كە پشتیوانی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەكەن تا بتوانێت بە كاریگەری بەردەوام بێت.
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆكوەزیرانی قەوارەی ئیسرائیل، پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەكەی ئەمریكا دەربڕی و دادگاكەی بە "هەیكەلێكی سیاسی" تۆمەتبار كرد كە هەڕەشە لە دیموكراسییەكان دەكات.
ئەم ململانێیە لە نێوان ئەمریكا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندا قەیرانێكی دیپلۆماسی قووڵی دروست كردووە و دۆخی دادپەروەریی جیهانی خستووەتە بەردەم ئەزموونێكی سەختەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە