2 کاتژمێر پێش ئێستا
46 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا دەست بەسەر یەك ملیار دۆلاری دیجیتاڵی ئێراندا دەگرێت
پەیام
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ڕایگەیاند، واشنتن پلانی هەیە نزیكەی یەك ملیار دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی پەیوەندیدار بە ئێران دەست بەسەردا بگرێت.
سكۆت بێسێنت، وەزیری دارایی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "نیوزماكس" ئاشكرای كرد، حكومەتی ئەمریكا بەنیازە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە نزیكەی یەك ملیار دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی (كریپتۆ كەرەنسی) پەیوەندیدار بە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بەسەردا بگرێت.
ناوبراو بەبێ خستنەڕووی وردەكاری زیاتر، جەختی كردەوە كە بەرپرسانی ئەمریكی شوێنی ئەو داراییانەیان بە تەواوی زانیوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا دراوی دیجیتاڵی بووەتە یەكێك لە ڕێگەكانی ئێران بۆ تێپەڕاندنی سزاكانی ئەمریكا، ئەمەش وای كردووە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بە وردی چاودێری ئەم جۆرە مامەڵانە بكات.
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كرد، ئیدارەی دۆناڵد ترمپ سیاسەتی " ئەوپەڕی فشار"ی گۆڕیوە بۆ "گۆشەگیری تەواوەتی" ئێران.
بەپێی قسەكانی بێسێنت، ئەم سیاسەتە تەنها سنوورداركردنی دارایی ناگرێتەوە، بەڵكو ڕێڕەوەكانی دەریا، ئاسمان و وشكانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە و وڵاتانیش ئیمارات و عومانیش لە جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتەدا لەگەڵ واشنتن هاوكارن و لەگەڵ توركیا و پاكستان-یش لە دانوستاندان بۆ داخستنی ڕێڕەوە وشكانییەكانی پەیوەست بە ئێرانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە