1 کاتژمێر پێش ئێستا
59 جار خوێنراوەتەوە
لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، فەرەنسا سێ هەزار مامۆستا دادەمەزرێنێت
پەیام
لە وەڵامی خۆپیشاندانی خوێندكاراندا، حكومەتی فەرەنسا پلانی دامەزراندنی زیاتر لە 3 هەزار مامۆستای جێگرەوەی ڕاگەیاند.
سێباستیان لێكۆرنۆ، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا، پلانی حكومەتی بۆ پڕكردنەوەی كەمیی مامۆستایان لە قوتابخانەكاندا ئاشكرا كرد، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە زیاتر لە 71 هەزار كەس لە شارە جیاوازەكانی فەرەنسا دژی دۆخی پەروەردە و نەبوونی مامۆستا خۆپیشاندانیان كرد، كە لە هەندێك ناوچەدا گرژی و پێدادانی لێكەوتەوە.
بەپێی پلانەكە كە لەلایەن ئێدوار جێفری، وەزیری پەروەردەوە ئامادە كراوە، 3 هەزار مامۆستای جێگرەوە دەنێردرێن بۆ 114 قوتابخانەی ناوەندی كە زۆرترین زیانیان لە كەمیی كارمەند بەركەوتووە و بڕیارە دەستبەجێ دەست بە كارەكانیان بكەن.
جگە لەوە، حكومەت پلانی هەیە سەدان كارمەندی دیكە دابمەزرێنێت بۆ هاوكاریكردنی دامەزراوە پەروەردەیییەكان، هەروەها ڕێگە دەدرێت مامۆستایانی ئێستا وانەی زیاتر بڵێنەوە بۆ پڕكردنەوەی كەمییە كاتییەكان.
بۆ چارەسەری درێژخایەنیش، سەرۆكوەزیران بەڵێنی دابینكردنی بودجەی زیاتری دا و ڕایگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2027دا گۆڕانكاری پێویست دەكەن بۆ ئەوەی داواكارییەكانی خوێندكاران بكەنە كرداری ڕاستەقینە، بەتایبەت لە بواری زیادكردنی ژمارەی مامۆستایان و باشتركردنی ژینگەی خوێندن لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە