1 کاتژمێر پێش ئێستا
140 جار خوێنراوەتەوە
ئەڵمانیا: سەرمایە بلۆككراوەكانی ڕووسیا لە ئەورووپا دەبێت و بە ئەمریكا نادرێت
پەیام
فریدریچ مێرتس، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، جەختی كردەوە كە سەرمایە بلۆككراوەكانی ڕووسیا لە ئەورووپا دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی وڵاتانی ئەورووپیدا بمێننەوە و هەر پێشنیازێكی ئەمریكی بۆ گواستنەوەیان بە توندی ڕەت دەكاتەوە.
ئەم لێدوانانەی مێرتس پێش دەسپێكردنی لووتكەی یەكێتیی ئەورووپا لە بروكسل هات، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی "فاینانشال تایمز" كە تێیدا ئاماژە بە هەوڵێكی واشنتۆن كرابوو بۆ گواستنەوەی بەشێك لەو سەرمایە داراییە بلۆككراوانە بۆ ناوەندێكی تایبەتیی ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمریكا.
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا پێداگری كرد، كە بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو 210 ملیار یۆرۆیەی بانكی ناوەندیی ڕووسیا، تەنها لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یاسایی وڵاتانی ئەورووپیدایە.
لە لایەكی دیكەوە، ستیڤ ویتكۆف و جارید كۆشنەر وەك نوێنەرانی ئەمریكا ئەو پێشنیازەیان خستبووە ڕوو، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەورووپاوە بە یەكجاری ڕەت كراوەتەوە.
دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كرێملن، ڕایگەیاند كە مۆسكۆ هیچ زانیارییەكی فەرمیی و پشتڕاستكراوەی لەسەر ئەم دەنگۆیانە نییە.
ئەم جیاوازییە نیشاندەری ناكۆكیی قووڵی نێوان واشنتۆن و بەرلینە سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ داراییە سزادراوەكانی مۆسكۆ كە لەدوای ساڵی 2022وە لە ئەورووپا بلۆك كراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە