1 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. بڕیاری گرانكردنی ڕسوماتی دەركردنی پاسپۆرت هەڵوەشێنرایەوە
پەیام
حكومەتی عێراق بڕیاری گرانكردنی ڕسوماتی دەركردنی پاسپۆرتی هەڵوەشاندەوە و نرخەكە دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی.
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیارێكی سەبارەت بە زیادكردنی 10 هەزار دینار بۆ ڕسوماتی دەركردنی پاسپۆرت و بەرزكردنەوەی نرخەكەی لە 91 بۆ 101 هەزار دینار دەركرد، بڕیارەكە لەئێستادا هەڵوەشێنراوەتەوە و كاری پێ ناكرێـت.
بڕیاری بەرزكردنەوەی ڕسوماتی پاسپۆرت نارەزایی لێ كەوتەوە، بەوپێیەی حكومەت دوای گرانكردنی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بەرانبەر بە دینار داوای لە بازرگانان كردووە نرخ بەرز نەكەنەوە، بەڵام خۆی نرخی خزمەتگوزارییەكانی بەرز دەكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیام بڕیارەكە لەلایەن حسێن عەوادی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەرچووە و دوایین بڕیاری ناوبراو بووە، بەرلەوەی شەوی ڕابردوو یاسر مالیكی وەك وەزیری نوێی ناوخۆی عێراق سوێندی یاسایی بخوات.
بڕیارەكە لەكاتێكدایە پێشتر هەوڵێك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لەئارادا بوو بۆ دابەزاندنی نرخی ڕسووماتی پاسپۆرت بە پاساوی ئەوەی بنەمایەكی پتەوی یاساییان نییە و لەگەڵ دۆخی دارایی خەڵك و بەتایبەتیش چینە هەژارەكاندا ناگونجێت.
جێی ئاماژەیە نرخی ڕسوماتی دەركردنی پاسپۆرتی سەنگافوورە كە پاسپۆرتەكەی پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی جیهان وەرگرتووە، 55 بۆ 60 دۆلاری ئەمریكییە كە لە 100 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕ ناكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە