2 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
چین داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دروستكردنی ئۆردوگا لە كەناری خۆراوا دەكات
پەیام
چین داوا لە قەوارەی ئیسرائیل دەكات دروستكردنی ئۆردگا بۆ جولەكەكان لە كەناری خۆراوا ڕابگرێت و بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پەكین داوای لە ئیسرائیل كردووە دروستكردنی ئۆردوگا زۆرەملێكان لە كەناری خۆراوا ڕابگرێت و پاشەكشەیان لێ بكات، هاوكات جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی لە ڕێگەی دیالۆگەوە كردووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆكی قەوارەی ئیسرائیل لە ئازەربایجان ئەم هەڵوێستەی گەیاندووەتە تەلئەبیب و كێشەی فەڵەستینی بە یەكێك لە گەورەترین ستەمە مێژووییەكانی ئەم سەدەیە وەسف كردووە.
ناوبراو جەختی لەوە كردەوە هاندانی ئاشتی بنەمای سیاسەتی وڵاتەكەیەتی لە ناوچەكە و چارەسەری دوو دەوڵەت ڕێگەی دروستە.
وانگ هەروەها داوای گەیاندنی تەواوەتیی هاوكارییەكانی بۆ كەرتی غەززە كرد و هۆشداریی لە تەشەنەسەندنی كارەساتی مرۆیی دا، ئامادەیی پەكینیشی بۆ هاندانی لایەنەكان بەرەو گفتوگۆ دەڕبڕی.
لە بەرامبەردا، سەرۆكی قەوارەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كراوە، بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی كێشەی ئۆردوگاكان و دۆخی فەڵەستینییەكانەوە باس بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە