1 کاتژمێر پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئێرانەوە، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە
پەیام
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت زیانی وڵاتەكەی بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئێرانەوە گەیشتووەتە نزیكەی 60 ملیار دۆلار.
فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە، عێراق زیانی ئابووریی بە بەهای نزیكەی 60 ملیار دۆلار بەركەوتووە، هۆشداریشی دا لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی بەردەوامیی ئەو ململانێیە لەسەر قەیرانی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە جیهاندا.
وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بەوەشكرد وڵاتەكەی لە دوای سەرهەڵدانی جەنگەكەوە لە شوباتدا، دووچاری تەنگژەیەكی قووڵی دارایی بووەتەوە، چونكە هەناردەی نەوت كە 90%ی داهاتی گشتیی دەوڵەت پێكدەهێنێت بە تەواوی دابەزیوە بەهۆی ئاڵۆزیی هاتوچۆی كەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.
ئەم دۆخەش حكوومەتی ناچار كردووە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات، لە هەمان كاتدا نرخی پێداویستییە سەرەكییەكان گران بووە و یەدەگی دراوی بیانییش بە نزیكەی 20 ملیار دۆلار كەمی كردووە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی ئێوارەی پێنجشەممەدا لە شاری ڕۆما لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەكەی هات؛ بەپێی بەیاننامەی فەرمیی نووسینگەكەی، فواد حسێن جەختی كردووەتەوە لەوەی عێراق بووەتە یەكێك لە گەورەترین باجدەرانی لێكەوتە ئابوورییە نەرێنییەكانی ئەو جەنگە سەربازییەی نێوان هەردوو وڵات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە