1 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
نیشتەجێكراوە زایۆنییەكان هێرشیان كردە سەر جووتیاران لە كەناری خۆراوا
پەیام
نیشتەجێكراوە زایۆنییەكان لە كەناری خۆراوا، دار زەیتوونەكانیان سووتاند و هێرشیان كردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی فەڵەستینی.
ئەمڕۆ لە میانی وەرزی ساڵانەی چنینەوەی زەیتووندا، ژمارەیەك لە نیشتەجێكراوە زایۆنییەكان هێرشیان كردە سەر گوندی ئەبو فەلاح لە كەناری خۆراوا و دار زەیتوونەكانیان سووتاند و بە بەرد پەلاماری دانیشتووانی ناوچەكەیان دا.
بە وتەی شایەتحاڵان كە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەیان كردووە، لانیكەم دوو كەس بریندار بوون، كە یەكێكیان ژنە ڕۆژنامەنووسێكە.
شایەتحاڵەكان ئاماژەیان بەوە كردووە نزیكەی 80 نیشتەجێكراوی دەمامكدار كە زۆربەیان جلی ڕەشیان پۆشیبوو و هەندێكیان بتڵی غازیان پێبوو، لە گردێكی دەوروبەرەوە دابەزینە ناو باخەكان، لە كاتێكدا گوندنشینان خەریكی كۆكردنەوەی بەرهەمی پێگەیشتووی زەیتوون بوون كە بایەخێكی مێژوویی و تایبەتی لای فەلەستینییەكان هەیە.
هێرشبەران بە قۆچەقانی بەردبارانی گوندنشینانیان كرد، لە بەرامبەریشدا فەڵەستینییەكان بۆ بەرگریكردن لە خۆیان بەردیان تێگرتنەوە.
ئەم هێرشە هاوكات بوو لەگەڵ فەتوایەكی حاخامی توندڕەوی زایۆنی بەناوی دۆڤ لیۆر، كە دزینی بەروبوومی زەیتوونی فەڵەستینییەكانی ڕێگەپێدراو كرد بەو بیانووەی كە كۆكردنەوەی ئەو بەرهەمە مافی خاوەندارێتیی جوولەكەكان بۆ زەوییەكان پشتڕاست دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە