1 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
لەسەر كەشتیگەلی غەززە، ئیتاڵیا لێكۆڵینەوە لە 13 بەرپرسی ئیسرائیلی دەكات
پەیام
لەسەر ئەشكەنجەدانی چالاكوانانی كەشتیگەلی خۆڕاگری بۆ شكاندنی گەمارۆی سەر كەرتی غەززە، داواكاری گشتیی ئیتاڵیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ 13 بەرپرسی ئیسرائیلی دەست پێدەكات.
نووسینگەی داواكاری گشتی لە شاری ڕۆما ڕایگەیاند، ناوی 13 بەرپرسی باڵای ئیسرائیلی، لە نێویاندا یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگری و ئەیال زامیر، سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپا، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان لە گومانی ئەشكەنجەدان، ڕفاندن و برینداركردنی چالاكانی «كەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانی» تۆمار كراون، كە هەوڵیان دەدا هاوكاریی مرۆیی بگەیەننە كەرتی غەززە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەكە، دۆسیەكە پەیوەستە بە ڕێگریكردنی سەربازی لە دوو كەشتیگەلی هاوكاری لە ساڵانی 2025 و 2026دا، هاوكات ئەو پێشێلكارییانەش لەخۆ دەگرێت كە لە كاتی دەستبەسەركردنی چالاكەكاندا ئەنجام دراون.
ڕۆژنامەی «لارێ پۆبلیكا»ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد، لە لیستەكەدا ناوی چەندین ژەنەڕاڵ، فەرماندەی هێزی دەریایی، بەرپرسانی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەكان و هێزە تایبەتەكان هاتووە.
ئەم لێكۆڵینەوانەش دوای ئەوە دەستیان پێكرد كە 50 هاووڵاتیی ئیتاڵی كە لەو گەشتانەدا دەستگیركرابوون، بە فەرمی سكاڵای یاساییان تۆمار كرد.
سكاڵاكان تۆمەتی توندوتیژی، ئەشكەنجەدان، سووكایەتیپێكردن، دزینی كەلوپەل و زیانگەیاندن بە كەشتییەكان لەخۆدەگرن، لە كاتێكدا كاتس هیچ وەڵامێكی دەستبەجێی بۆ بابەتەكە نەبووە و تا ئێستاش هیچ بڕیارێكی دادوەری دژ بەو بەرپرسانە دەرنەچووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە