2 کاتژمێر پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
تورکیا پرۆگرامێکی نوێی دیجیتاڵی و دەنگی بۆ خوێندنی زمانی کوردی خستە بەردەست
پەیام
وەزارەتی پەروەردەی
تورکیا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی خوێندندا کە بە پرۆگرامی "مۆدێلی
پەروەردەیی سەدەی تورکیا" ناسراوە، نوێترین کتێبی خوێندنی وانەی هەڵبژاردەی
زمانی کوردیی (شێوەزاری کرمانجی) بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی خستە بەردەست.
وەزارەتی پەروەردەی
تورکیا رۆژی 30ی 10ی 2026 بە فەرمی کتێبە نوێیەکەی لە رێگەی تۆڕی زانیاریی پەروەردەیی
(EBA) بڵاوکردەوە و لە ماڵپەڕی فەرمیی (eba.gov.tr) بەردەست کراوە، کە لەلایەن دەستەیەکی پسپۆڕی
نووسەرانەوە و بە پشتبەستن بە پێوەرە نوێیەکانی پەروەردە ئامادەکراوە.
لە
چوارچێوەی گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانی ئەم پرۆگرامەدا و بە مەبەستی پەرەپێدانی شێوازی
فێربوونی کارلێککار (ئینتەراکتیڤ)، بەشێکی زۆری دەق، چالاکی و راهێنانەکانی نێو کتێبەکە
بە دەنگ تۆمار کراون. قوتابییان دەتوانن لە رێگەی سکانکردنی کۆدی (QR)ـی سەر لاپەڕەکانەوە، راستەوخۆ لە پلاتفۆرمی
(EBA) گوێبیستی خوێندنەوەی دەقی وانەکان ببن.
هاوکات، کتێبەکە چوار گۆرانیی کوردی بە نۆتەی مۆسیقاکانیانەوە لەخۆ دەگرێت، کە فێرخوازان
دەتوانن بە هەمان سیستەمی بارکۆد گوێیان لێ بگرن.
سەبارەت
بە قۆناخەکانی دیکەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا روونیکردووەتەوە کە بڵاوکردنەوەی
کتێبی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی وێستگەی یەکەمی ئەم زنجیرە نوێیەیە. بەپێی پلانی وەزارەتەکە،
لە قۆناخەکانی داهاتوودا کتێبی وانەی کوردی بۆ پۆلەکانی شەشەم، حەفتەم و هەشتەمی
بنەڕەتی بە ریزبەندی بڵاودەکرێنەوە، بەو ئامانجەی سەرجەم کەرەستە و پێداویستییە پەروەردەییەکانی
وانەی کوردی لە ئاستی قۆناخی ناوەندیدا بە تەواوی دابین بکرێن.
پەسەندکردن
و نوێکردنەوەی ئەم پرۆگرامە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لە تورکیا و باکووری
کوردستان، وانەی زمانی کوردی (بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی) وەک وانەیەکی
بژاردە بۆ قۆناخی ناوەندی (پۆلەکانی پێنجەم تا هەشتەم) خراوەتە نێو سیستەمی خوێندنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە