2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
پارتی و بهشێك له پێكهاتهكان بهشداری دانیشتنی سبهینێی پهرلهمان دهكهن
دیوانی پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانتارانی بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم لە ڕۆژی چوارشەممەدا بانگهێشت کرد، هاوکات ڕەوتی هەڵوێست بایکۆتکردنی ئەو کۆبوونەوەیەی بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، سەرجەم پەرلەمانتاران ئاگادار کراونەتەوە کە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی تشرینی دووەم، ئامادەی دانیشتنی ژمارە یەکی خولی پاییزەی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمان بن؛ ئەوەش بە مەبەستی تەواوکردنی بڕگەکانی ئەو دانیشتنەی کە پێشتر بە کراوەیی بەجێهێڵدرابوو، تاوەکو لە کاتی دیاریکراودا ڕێکارە یاساییەکان دەستپێبکەنەوە.
بانگهێشتنامەکەی دیوانی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەرانی پێکهاتەکان داوای ئەنجامدانی دەستبەجێی دانیشتنەکەیان کردبوو بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ و کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان. بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیەش وەک هەنگاوێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی، دەربازبوون لە بۆشایی یاسایی و دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لەبەرانبەردا، ڕەوتی هەڵوێست بایکۆتکردنی بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد بەشداری لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا ناکات. ڕەوتەکە باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتاوە بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆنی داوە و بە ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی نازانێت دەستەی سەرۆکایەتی بۆ یەک یاخود دوو هێزی دەسەڵاتدار هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی دواتر ئەوان سەرۆکی هەرێم و حکوومەت دیاری بکەن.
هەڵوێست هاوکات جەختیشی کردەوە کە پێشتریش نەچووەتە نێو هیچ بلۆکێکی دیکەوە و ئێستاش لەژێر هیچ پاساوێکدا ناچێتە پاڵ هیچ لایەنێک، بەڵکو وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی «ڕاستگۆ و جدی» لەسەر بنەماکانی خۆی دەمێنێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە