1 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
تەلەفزیۆنی ئێران ڕێنمایی خۆپاراستن لە تەقینەوەی ئەتۆمی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە پەیامێکی بەپەلەدا ڕێنمایی خۆپاراستنی لە کاتی ڕوودانی تەقینەوەی ئەتۆمی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە و داوای کرد بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە پەناگەکاندا بمێننەوە.
لە میانەی ڕێنماییەکاندا، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران هۆشداریی دایە هاووڵاتییان لە سەیرکردنی ڕاستەوخۆی ڕووناکیی تەقینەوەی ئەتۆمی، و داوای کرد دەستبەجێ لەسەر زەوی پاڵبکەون و دەموچاویان دابپۆشن، پاشان پەنا بۆ نزیکترین باڵەخانە و پەناگە بەرن و لە شووشە و پەنجەرەکان دووربکەونەوە. تەلەفزیۆنی ئێران جەختی لە خۆپاراستن لە تیشکدانەوەی ئەتۆمی کردەوە لە ڕێگەی شووشتنی جەستە بە ئاوی شلەتێن، خواردنەوەی ئاوی بوتڵکراو و بەکارهێنانی خۆراکی لەقوتوونراو، هاوکات داوای کرد هاووڵاتییان لانیکەم ٢٤ کاتژمێر لەناو پەناگەکاندا بمێننەوە تا ڕێنمایی فەرمییان بۆ بەکارهێنانی ڕێڕەوە پارێزراوەکان پێدەگات.
ئەم ڕێوشوێنە دەروونی و ئەمنییانەی تاران هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی تاکەر کارلسۆن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی کە ڕایگەیاندبوو ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ژێر گوشاری چڕی بنیامین نهتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی قەوارەی ئیسرائیلدایە بۆ وەشاندنی گورزێکی ئەتۆمی لە ئێران. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ترهمپ هەڕەشەی لێدانی بنکەی قووڵی "چیای قوڵنگ" ی کردووە کە لە ژێر زەویدایە، هەرچەندە پێشتر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی بە دوور زانیبوو، بەڵام چڕبوونەوەی هەڕەشەکان ترس و دڵەڕاوکێی گەورەی لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکەدا دروست کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە