1 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
لەهێرشێکی ئەلیکترۆنیدا؛ لە بانکێکی فەڕەنسا نزیکەی ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ دزرا
پەیام
بانکی «کرێدی موتویل ئارکیا»ی فەرەنسی ڕایگەیاند، ڕووبەڕووی هێرشێکی سایبەری بووەتەوە و نزیکەی ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی لێ براوە، بەڵام هەژماری کڕیارانی نەپێکاوە و داواکاری گشتیی پاریسیش لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
بانکە فەرەنسییەکە ئاشکرای کرد کە هاککەرەکان لە ڕێگەی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتووەوە توانیویانە مامەڵەی دارایی ساختە ئەنجام بدەن. بەپێی ڕاپۆڕتێکی ئاژانسی «فرانس پرێس»، هێرشبەرەکان لە ڕێگەی هەژمارێکی سەر بە بانکەکەوە پارەکەیان بۆ چەند بانکێکی دیکە حەواڵە کردووە، پاشان لە ڕێگەی سەکۆ تایبەتمەندەکانەوە گۆڕیویانە بۆ دراوە دیجیتاڵییە کۆدکراوەکان.
بانکی ناوبراو دڵنیایی دا کە هێرشەکە کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێک بەر سامانی کڕیارەکانی نەکەوتووە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد بەشێک لە پارە حەواڵەکراوەکان سڕ کراون و هەوڵە چڕەکانیش بۆ گێڕانەوەی ئەو بڕەی کە ماوەتەوە، بەردەوامن.
«کرێدی موتویل ئارکیا» ئەو ئەگەرەی ڕەت کردەوە کە گواستنەوەی پارەکان بەهۆی هەڵەی مرۆییەوە ڕووی دابێت، بەڵکوو جەختی کردەوە ڕووداوەکە ئەنجامی «هێرشێکی پێشکەوتووی دەرەکی» بووە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی شێوازی هاککردنەکە یان ناسنامەی گومانلێکراوان ئاشکرا بکات.
لە لایەکی دیکەوە، داواکاری گشتیی پاریس بۆ فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر هێرشەکە دەستپێکردووە، بەڵام زانیاریی زیاتری نەخستە ڕوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە