2 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
ئێران تۆمهتهكانی فهڕهنسا بۆ ئهنجامدانی هێرشی ئهلیكترۆنی بۆسهر ماركێتهكان ڕهت دهكاتهوه
پهیام
تـاران تۆمەتەکانی پاریسی سەبارەت بە تێوەگلانی سوپـای پاسداران لە هێرشێکی سایبەری بۆ سەر سەدان مارکێتی فەرەنسی و تێکدانی بڕێکی زۆر خۆراک، بە بێبنەما و «دوژمنکارانە» ناوبرد.
له كاتێكدا پێشتر دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بە فەرمی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بە بەرپرسیاری ئەو دزەکردنە ئەلیکترۆنییانە لەقەڵەم دا. لەم چوارچێوەیەدا، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند ئەم پەلامارانە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سایبەریی بەرفراوانی لەو شێوەیەن لەسەر خاکی وڵاتەکەی و وەک دەستدرێژییەکی مەترسیدار بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا و ئاسایشی هاووڵاتییان وەسفی کرد، هاوکات هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ئەنجامدەرانیدا کرد.
بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە پاریس باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کردووە تا ناڕەزایەتییەکی توندی پێ ڕابگەیەنێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی وڵاتەکەی ئامادەیە هەموو هەنگاوێکی پێویست و هاوسەنگ بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشی هاوشێوە بکرێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەڵوێستە، داواکاری گشتیی پاریس دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لە دژی سەرۆکی یەکەی ئۆپەراسیۆنە سایبەرییە هێرشبەرەکانی سەر بە سوپای پاسداران و دوو لە جێگرەکانی ڕاگەیاند.
ئەم هێرشانە کە لە ١١ی تشرینی یەکەمدا ڕوویاندا، زیاتر لە ٢٨٠ فرۆشگای سەر بە هەردوو زنجیرەمارکێتی «کۆپێراتیڤ یو» و «ئینتەرمارشێ»یان کردبووە ئامانج؛ بەهۆی دەستکاریکردنی سیستمی بەفرگرەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییان بۆ ٥٠ پلەی سەدی، بڕێکی زۆر خۆراکی ساردکراوە و بەستوو لەناوچوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە