7 خولەک پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی شارەكەدا: سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت
پەیام
بافڵ تاڵهبانی، سهرۆكی
یهكێتی لە پەیامێكدا به بۆنهی 242ـەمین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانی رایدهگهیهنێت،
مێژوو سەلماندوویەتی کە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری
مافە رەواکانی نابێت.
دهشڵێت، بەڵێنمان بۆ
سلێمانی و خەڵکە سەربەرزەکەی ئەوەیە کە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و
مافەکانیان دەبین، رێگە نادەین هیچ نادادییەک بەرامبەر ئەم شارە بکرێت.
ئەمەش دهقی پهیامهكهی سهرۆكی یهكێتییە:
لە 242ـەمین ساڵیادی
بنیادنانی شاری سلێمانیدا، لە قوڵایی دڵمانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی
سەربەرز و دڵسۆزی شاری شاران دەکەین.
سلێمانی تەنها جوگرافیایەک
نییە، بەڵکو رۆحێکی زیندو، بیرێکی ئازاد و قەڵایەکی لەبننەهاتوی بەرەنگاربونەوەی
ستەم و نادادییە. ئەمڕۆ بە وەفا و پێزانینێکی زۆرەوە سەری رێز لەبەردەم یاد و مێژوی
هەمو ئەو شۆڕشگێڕ، شاعیر، ئەدیب، هونەرمەند و کەسایەتییە مەزنانەدا دادەنەوێنین کە
ناسنامەی پایتەختی رۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانییان بە سلێمانی بەخشی، هەروەها
شانازی بە خۆڕاگریی خەڵکە مەردەکەیەوە دەکەین کە لە هیچ قۆناغێکدا سازشیان لەسەر ئیرادە
و شکۆی شارەکەیان نەکردوە.
مێژو سەلماندویەتی کە
سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە رەواکانی
نابێت. شایستەترین وەفاداری بۆ قوربانیدانی ئەم شارە و خەڵکەکەی، وتنەوەی قسە و
دروشم نییە لە دورەوە، بەڵکو کارکردنی کرداری، بوژانەوەی ئابوری و گەیاندنی زۆرترین
پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە بە هەمو گەڕەک و کۆڵانێکی.
بەڵێنمان بۆ سلێمانی و
خەڵکە سەربەرزەکەی ئەوەیە کە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و مافەکانیان
دەبین، رێگە نادەین هیچ نادادییەک بەرامبەر ئەم شارە بکرێت و پێکەوە لەگەڵ گەنجە
داهێنەر و خەڵکە دڵسۆزەکەیدا، کاروانی گەشەپێدانی سلێمانی بەرەو لوتکە دەبەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە