20 خولەک پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی نوێ و سەرتاسەریی بارانبارین لە هەرێم دەكرێت
پەیام
شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە سبەینێوە شەپۆلێکی نوێ
و سەرتاسەریی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و هۆشداریش لە ئەگەری دروستبوونی
لافاو و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەدات.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، پێشبینی كردووە لە سبەی 29ی 11ی
2026ەوە شەپۆلێکی نوێی بارانبارینی سەرتاسەری لە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوای هەرێمی
کوردستانەوە دەستپێبکات و کاریگەرییەکانی سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایە، شەپۆلەکە سروشتێکی ناجێگیری دەبێت
و تاوەبارانی بەلێزمە، هەورەبرووسکە و چالاکبوونی خێرایی بای لەگەڵدا دەبێت. هەروەها
جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری بارانی بەخوڕ لە ماوەیەکی کورتدا،
ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەدا هەیە کە ساڵانە مەترسیی لافاویان لەسەرە.
سەبارەت بە ناوچە شاخاوییەکان
و گۆڕانکاریی پلەکانی گەرما، شاڵاو هیدایەت ڕوونی کردووەتەوە کە بەفر لە ناوچە
شاخاوییەکان دەبارێت و پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 5 بۆ 7 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
هاوکات پێشبینی دەکات ئەم ناجێگیرییەی کەشوهەوا بە شێوەی پچڕپچڕ و ناوبەناو تاوەکو
نزیکەی ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم (مانگی 12) بەردەوامیی هەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە