17 خولەک پێش ئێستا
138 جار خوێنراوەتەوە
تاڵیبان: لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێلایەنین
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان ڕایگەیاند بزووتنەوەی تاڵیبان لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکادا سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو دەکات، و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ واشنتن دەدات.
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا خۆجێییەکان، ئەمیر خان متەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان پەیوەندییەکانی تاڵیبانی لەگەڵ تاران بە باش وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەفغانستان وەک وڵاتێکی بەرهەمهێنەر پێویستی بە تواناکانی ئێران هەیە، هاوکات جەختی کردەوە بزووتنەوەکەیان دژی دەستدرێژییە بۆ سەر هەر وڵات و گەلێک.
متەقی ڕوونی کردەوە کە تاڵیبان دەیەوێت پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ واشنتندا هەبێت، بەوپێیەی سەرەڕای جەنگی ٢٠ ساڵە، ئەمریکا هیچ هەنگاوێکی نەرێنیی نوێی دژیان نەگرتووەتە بەر، و لە ئێستاشدا بزووتنەوەکەیان متمانەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و هیچ کۆسپێک لەبەردەم هاوکارییەکانیاندا نییە.
سەبارەت بە داواکارییەکانی سەرۆکی ئەمریکاش لەسەر بنکەی باگرام بە سوپای ئەمریکا، متەقی ڕەتیکردەوە دەستبەرداری هیچ پارچەیەکی خاکی ئەفغانستان ببن، هاوکات چەک و جبەخانە بەجێماوەکانی سوپای ئەمریکای لە کاتی کشانەوەیدا بە "غەنیمەی جەنگ" ناوبرد و جەختی کردەوە بۆ بەرگریکردن لە وڵات بەکاریان دەهێنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە