43 خولەک پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
سعوودیە تێکشکاندنی سێ مووشەکی بالیستیی حوسییەکانی ڕاگەیاند
بەرەبەیانی یەکشەممە، سعوودیە تێکشکاندنی سێ مووشەکی بالیستیی حوسییەکانی بەرەو ڕیاز و ناوچەی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاند، هاوکات سەکۆیەکی مووشەکییشی لە یەمەن لەناوبرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
بەپێی ڕاگەیاندنەکەی سعوودیە، مووشەکەکان لەلایەن گرووپی حوسیی یەمەنەوە هەڵدراون، کە یەکێکیان ئاراستەی ڕیازی پایتەخت کرابوو و دووانەکەی دیکەشیان ناوچەی ڕۆژهەڵاتیان کردبووە ئامانج، بەڵام بەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان ڕێگرییان لێ کراوە و تێکشکێندراون.
لە چەند پۆستێکی یەک لە دوای یەکدا لە تۆڕی «ئێکس»، سعوودیە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی بالیستیی لە پارێزگای سەعدە لەناوبردووە، هاوکات ڕوونی کردووەتەوە کە حوسییەکان ئەو سەکۆیەیان لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر جازان لە باشووری سعوودیە بەکارهێناوە. لە پۆستێکی دیکەشدا، ڕیاز هەڕەشەی وەڵامدانەوەی «هەوڵەکانی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان»ی کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، تورکی مالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئێوارەی شەممە وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی وەڵامدانەوەی سەربازیی ئەنجام داوە. بە وتەی مالیکی، ئامانجی هێرشەکە لەناوبردنی ئەو سەرچاوە هەستیارانە بووە کە حوسییەکان بۆ ئەنجامدانی «هێرشی بەئەنقەست و بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان لە یەمەن و سعوودیە» و هەروەها بۆ «هەڕەشەکردن لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە باشووری دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب» بەکاریان دەهێنن.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی پێکدادانەکان لە یەمەن، گرژییەکانی نێوان سعوودیە و حوسییەکان ڕووی لە هەڵکشان کردووە و هەردوو لا بە شێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر یەکتر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە