محه‌مه‌د حسێن 01/04/2025 317 جار خوێنراوەتەوە

وریای پارەکانتان بن

وریای پارەکانتان بن
دزی ئەم جارە لە ناو مۆبایلەکەتەوە دێت
سیناریۆکە بەمجۆرەیە؛ هەرزەکارێکی دەستبڕی فێڵباز ‌پارەی داوە بە کچەمۆدێلێک و چەند میدیایەکی بێ متمانەی ناپیشەیی تا چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەن و بەشان و باڵیا هەڵدەن وای نیشاندەن کە ئەو ملیاردێرێکی سەرکەوتووە و بە بەهای ملیۆنەها دۆلار هەر ئۆتۆمبیلی تایبەتی هەیە و .. هتد، هەموو ئەم گەمەیەش بۆ ئەوەیە متمانەیەک بۆ ئەم پیاوە دروست بکرێت و دواتر بەناوی بازرگانی ئەلکترۆنی و بازاڕە داراییەکان و بۆرسەوە پارەی خەڵک بەرێت؛ ئینجا لە کوتوپڕێکدا خۆی ون ئەکات و دەڵێت بازرگانیەکەمان توشی زیان بوەو ئیفلاسم کردووەو ...هتد، ئیتر بەم جۆرە هەموو پارەکەتان دەخوات.
پێش ئەوەی پارەی خۆت بدەیتە ئەم جۆرە کەسانە، ئاگاداری ئەم راستیە سەرەتاییانە بە:
یەکەم: بازرگانی ئەلکترۆنی و بۆرسەو هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕێگای چەند وێبسایتێکەوە لە کوردستان و عێراقدا دەکرێن، هیچ بنەمایەکی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تیادا نیە، بە یاسا رێک نەخراون، پارەو سامانەکەی تۆ تیایدا پارێزراو نیە؛ چونکە وەک پێویست یاساو رێنمایی نیە ئەم ئاڵوگۆڕانەی رێکخستبێت و مافی هەردوولای پاراستبێت. ئەو گرێبەستەی ئیمزای دەکەن تۆ ناپارێزێت. بۆیە بەشی هەرە زۆریان پلانی دزی و قۆڵبڕینن. هەر بڕەپارەیەکیشی تێکەیت ئەیخۆن و تۆ دواتر بە دەستی بەتاڵ لێی دەرئەچیت.
دووەم: هەموو ئەو کڕین و فرۆشتنانەی بەناوی پشکی کۆمپانیا، بۆرسە، دراوی ئەلکترۆنی، کڕین و فرۆشتنی ئەلکترۆنی و ناوە هەڵخەڵەتێنەرەکانی ترەوە دەیکەن، هەم دیسان پڕە لە ریسک و ساختەکاری و قۆڵبڕین. ئەمانە یان هەر لەسەرەتاوە درۆو فێڵکردنە و هیچ بنەمایەکی نیە، یان ئەگەر هەیشی بێت زیدەڕۆییەکی زۆر دەکرێت لە فرۆشتنی پشکەکاندا، هەموو سەرمایەو ئەسێتی کۆمپانیاکە بایی ٣ملیۆن دۆلارە، کەچی بە بەهای ٣٠ ملیۆن پشک دەفرۆشێت. گرفتەکە ئەوەیە هیچ یاساو ڕێنمایی و دام و دەزگایەک نیە ئەم ئاڵوگۆڕانە رێک بخات و چاودێریان بکات و یارمەتی خەڵک بدات درۆو راستی لەیەکتر جیابکەنەوە.. هەر بۆیە زۆربەی ئەو پارانەی دەخرێنە ئەم جۆرە بازرگانیانەوە دەخورێت.

سێهەم: لەم شەیتان-بازاڕییەدا پارە ت دا بەدەستی هەرکەسێکەوە ئەیخوات، هاوکات دەوڵەت و دادگاو پۆلیس و یاساکانی ئەم وڵاتەش ناتوانن ماڵ و سامانی خەڵک لەمانە بپارێزن، با ١٠٠ گرێبەستی ئیمزاکراویشت هەبێت. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشدازۆرینەی رەهای ئەم کوردە دەستخۆشی لەو دزوو درۆزن و قۆڵبڕانە دەکات کە چۆن توانیویانە زیرەکانە پارەکەی تۆ بەرن و بیخۆن. یەعنی رای گشتیش لە دژی تۆیەو هاندەری دزو قۆڵبڕەکانە.

چوارەم: کەسی دەوڵەمەند، فشە بە پارەو سامانەکەیەوە ناکات، ئۆتۆمبیلی تایبەتی بابەتی شانازی نیە بۆ دەوڵەمەندەکان، ئەمە تەنها بۆ هەژارو داماوەکان گرنگە. بۆیە زۆر گرنگە بە هەڵمەتی میدیایی تێ نەکەویت. ئۆسکار وایڵد دەڵێت، ((کاتێک کە هەژاریت هەمیشە باسی پارە دەکەیت، کە دەوڵەمەند بوویت ئیتر باسی ئەو شتانە دەکەیت کە بە پارە ناکڕدرێن.))

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا