ئاسۆ عهبدوللـهتیف
17/05/2025
150 جار خوێنراوەتەوە
لەبارەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمیی چی دەزانیت
لە ڕووکەشدا ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام- ئیبراهیمی، ڕێککەوتنی ئاسایش و وزەو ئاڵنگارییەکانە، زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئەمنی و سەربازی و ئابوورییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرزەمینی سێ ئایینە ئاسمانییەکە، کارکردنی پێکەوەیی ئایینیی هاوبەشە بۆ داڕشتنەوەی دووبارەی ناوچەکە لە دوای پرۆسەی سەربازی تۆفانی ئەقسای حەماس لە 7 ئۆکتۆبەری 2023.
ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی دەسوخەتێکی مەترسیداری تیۆکراتی و مەزهەبی و نەوتیی ئەمریکییەو بەهیچ جۆرێک خزمەت نییە بەهیچ مەزهەب و ئاینێکی ئاسمانیی، بەڵکو ڕاستەوخۆ فۆڕمێکی داگیرکاری تڕەمپیزمە بۆ لێدان لەخودی جەوهەری ئاینی ئیسلام و لەو ڕێگەیەوە ماشینەوەی سەروەت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەناوی وەبەرهێنان و بازرگانی و دۆزینەوەی ڕێگای وزە تازەکان.
لەم ڕۆژانەدا تڕەمپ کە هاتە کەنداو، دەوڵەتانی عەرەبیی بەتەواوی داڕنی و داشۆری لە هەموو بەها ئایینی و ئەخلاقییەکان و کردنی بە بوکەڵەو لەیستۆک، هەموو ئەمانە لەڕێگەی شێخە بەکرێگیراوەکانی عەرەب و خێڵە ئەرستۆکراتەکان بەناوی داڕشتنەوەی ستراتیژی بەشێک لە وڵاتانی کەنداو و نیشتیمانی عەرەبی و پاراستنی ئیسرائیل و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
ڕەگ و ریشەی بیرۆکەی ئاینی ئیبراهیمی و تەوزیفکردنی بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی و ئابووری کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ دوای کەوتنی بلۆکی سۆشیالیستی و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت، بەڵام بە پراکتیک سەرەتای ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ لێتێگەیشتن و نوسراوی دانپیانراوی ئیسڕائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە چاودێری ئەمریکا لە ساڵی 2020 واتە ئیمارات وەک یەکەم خانەی ئەو ڕێکەوتنە هەژماردەکرێ و بەرەسمی تەبەننی کرد.
ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بەناو ماڵی شێخە ساختەکانی کەنداودا گوزەری کردو دەوڵەتی ئیمارات و بەحرەینی گرتەوە و قبوڵی کرد وادیارە سعودیەو سوریاش قبوڵیانە، ئێستا ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ئەجێندایەکەو تا هەرێمی کوردستان کشاوە، بە نەخشەو مۆدێلی ترامپ و دیدگاکانی تڕامپیزم ئەناسرێ.
دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ ئەمریکای مەزنی پێ دروست بکات، دەوڵەتی تازەشی بۆ دروست دەکات تەنها بۆ کۆکردنەوەی سامان و لێدان لە بلۆکی چینی میللی.
کۆماریخوازەکان ماوەیەکی زۆرە پاڵپشت و مۆتیڤی ئەم دیدگایەن، تیۆریزەی دەکەن و ئیشیان بۆکردوە وەک چەسپاندنی ئاینی هاوبەشی ئیبراهیمیی، بەحوکمی نەریتخوازیی و هەڵگری ئاینە ئاسمانیەکان و چونکە باوەڕیان دامەزراوە لەسەر دیدی کۆنسێرڤاتیڤی ئاینی بۆ حوکمڕانیی و لەوەتەی ئەمریکا هەبوە نانی ئاین دەخوات و بۆیە لەسەر دۆلارەکەشیان نوسراوە بەناوی خوا.
لەبنەڕەتدا ڕێکكەوتنی ئیبراهیمی فۆڕمێکە لە تێگەیشتنی نوێی ئەمریکاو ئیسرائیل کە دوو لە ئاینە ئاسمانیە باڵاکانیان بەسەردا دابەشبوە لەوانە یەهودی و مەسیحی واتە (جولەکەو کریستیان) کەهەردوو نەتەوە هەڵگری ئاینی ئیبراهیمین و کتێبی پیرۆزی تەورات و ئینجیلیان هەیەو ئیبراهیمیش وەک باوکی پێغەمبەران بە موڵکی خۆیانی دەزانن و ئەوەش دەزانن لە ئیسلامدا ڕێزێکی زۆر گیراوە لە ئیبراهیم پێغەمبەر بۆیە خاڵە هاوبەشەکە ئیبراهیمی پەیامبەرە کە خودا لە ئاگری بتپەرستاندا پاراستی بەسەلامەتی، بۆیە بەوپەڕی لێزانییەوە ڕێککەوتنەکانیش بە وشەی گرنگیدان بە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی دەناسێنن و نزای ئاشتی دەکەن لەناو ئاگردانی ڕۆژهەڵاتدا وەک ئەوەی ئاشتی پارێزبن و درۆ لەگەڵ میللەتانی موسوڵمان نەکەن و ئەهلی غەززەیان پاراستبێ لە توندوتیژیی و جەبەروتی ئیسرائیل.
(قُلْنَا يَا نَارُ كُونِي بَرْدًا وَسَلَامًا عَلَى إِبْرَاهِيمَ)
بەڵام خوای گەورە بە دەقی قەتعی لە ئایەتی 67ی سورەتی (ئال عیمران)دا ئەوەی فەرمووە ئیبراهیم یەکتاپەرستە، نەسرانی نیەو یەهودییش نییە بەڵکو خوداپەرستێکی پاک و موسوڵمانە.
(مَا كَانَ إِبۡرَٰهِيمُ يَهُودِيّٗا وَلَا نَصۡرَانِيّٗا وَلَٰكِن كَانَ حَنِيفٗا مُّسۡلِمٗا وَمَا كَانَ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ)
دیارە لەم ناوچە ئیسلامیدۆستەش وەک ڕۆژهەڵات و ئاسیاو کەنداو ئیسلامە ساختەکانی وەک قەتەرو ئیمارات و سعودیەو بەحرەین و سوریایان خستە ڕیزی ئاینە ئیبراهیمیەکان و ئەو دەوڵەتانەیان بۆ ئیزافەکرد کە نزیکن لە خۆیان و هاوپەیمانی سەدان ساڵەی خۆیانن وەک ئایدیاو بەرنامە.
بەڵام پرسەکە بەتەنها ئاینی و عەقیدەیی نیە بەڵکو ئیشکردنە لەسەر کرۆکی ئاشتیەکی موزەییەف و جێگیرکردنی هەنگاوەکانی ئایندەی ئەمریکا لەم ناوچەیەو داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنەما ئابووری و سیاسی و عەقائیدی و سەربازییەکان بە ئامانجی دامەزراندنی سێ پایەی گرنگ.
یەکەمیان دەستخستنی وزەو ئابووری تازەو دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتر، دووەم ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ئیسڕائیل و دەوڵەتانی ناو ڕێککەوتنی ئیبراهیمیی، سێهەم دورخستنەوەی هەرەشەکان و مەترسیەکانی داعش و بەرەی موقاوەمەو هەژموونگەریی چین و رووسیا کە خەریکە پەرە دەسێن، هەندێکیش رایان وایە روسیا لەو پرسەی ئیبراهیمیی ئاگادارەو پشتگیری دەکات بەمەرجی خۆی.
دەرەنجام:
وەنەبێ ئەم ڕێکەوتن و هەنگاوانەش بێ نەیارو بێ سەرئێشە بێ بۆ ئەمریکا، ئەوەتا دەوڵەتی چین بەو هەژموون و ئیمپڕاتۆریەتە ئابووری و پێگە زەبەلاحەی خۆیانەوە بەتەواوی دژی وەستاوەتەوە لەگەڵ ئێران و رووسیاو عێراق و دەیان دەوڵەت، چین چەند ساڵێک پێش ئێستا لە تاران ڕێککەوتنی 25 ساڵەیان واژوو کرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان دژی هەژموونی ئەمریکی ئیسرائیلی بۆ 50 ساڵی داهاتوو، ئەوەتا لە ڕووسیا خەریکی دۆزینەوەی دەرفەتی تازەن، لە سێ دەریچەشەوە خۆیان بەستۆتەوە بە ئەوروپاوە تا نەخنکێن، یەکەمیان پاکستانەو دووەمیان ڕێگای شەمەندەفەرە لە ڕووسیاو سێهەم ڕێڕەو ڕێگای چین – ئەنادۆڵ تورکیایە بەرەو دەریای ڕەش و ئێران، تا دەستی بگات بە ئەوروپای شەرقی و غەربی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئاسۆ عهبدوللـهتیف