کەمال چۆمانى 28/06/2026 28 جار خوێنراوەتەوە

کەلتوری نارەسمی شتێکە و کەلتوری رەسمی شتێکی تر

هەڵەبجە شتێکی نەکردوە لەگەڵ رۆحی خەڵکەکەی ناتەبا بێ تا هەمومان توشی شۆک بین، بەڵام عێراق و کوردستانیان سەرسامکرد چونکە ئەمڕۆ کەلتوری رەسمی جێی بە کەلتوری ناڕەسمی لەق کردوە و جوانییەکانی کۆمەڵگای کوشتوە. خەڵک بۆیە سەرسام بوە چونکە هەڵەبجە دەیەوێ جارێکی تر بەرەنگاری کەلتوری رەسمی ببێتەوە و قبوڵ ناکا رق و کینە داگیریبکا.

کۆمەڵگە لە دەرەوەی دەزگا رەسمییەکانی حکومەت و دەوڵەت، خاوەنی کەلتورێکی خۆیەتی کە زۆرجار دژە لەگەڵ کەلتوری رەسمیی دەوڵەت و حکومەت و حیزبە سیاسییەکان. ئەمە لە ئەمریکاوە راستە تا دەگاتە ئەوروپا و هەرێمی کوردستانیش.

کۆمەڵگای ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و ئەمریکا دژ بە جینۆسایدی فەڵەستینییەکانن، بەڵام دەوڵەتەکانیان سیاسەتێکی تریان هەیە.

زۆربەی جار کەلتوری رەسمی لە چوارچێوەی ویست و بەرژەوەندییەکانی گروپی سەردەست دەیەوێ رەنگڕێژی کۆمەڵگا و روانینەکانی بکا. لەو رێیەوە هێجەمۆنی\هەژمونێک دروستدەکات کە خەڵک لە حەقیقەتی خۆیان نامۆ دەکات.

لە چەند رۆژی رابردودا، کەلتوری نارەسمی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی خۆی لە خۆشەویستی و پێکەوەژیاندا دەبینێتەوە، نیشانیداین چەندە جیاوازە لەگەڵ کەلتوری رەسمیی کە دەیەوێ رەگەزپەرستی و رق لەنێوان کورد و عەرەب دروستبکا لە عێراقدا جا چ لەلایەن بەشێک لە هێزەکانی هەرێمی کوردستان بێ یا بەشەکانی دیکەی عێراق کە مەزهەب و دین و نەتەوەگەرایی بەکاردێنن بۆ گەمژاندنی خەڵک و چاندنی تۆوی رق و کینە.

کەلتوری رەسمی دەیەوێ تەنانەت چێژی تۆپی پێش لە خەڵک تێکبدا و لەبری ئەوەی لە هونەری تۆپی پێ چێژ وەربگرن، ئەوان خەریکی گەمژاندنی خەڵک دەبن بە بەستنەوەی عێراق بە رابردویەکەوە کە تۆپی پێ هیچ پەیوەندییەکی پێوەوە نییە. لە راستیدا، تۆپی پێ تەنانەت لە سەردەمی دوای ١٩٩١یش، تۆپی پێی هەرێمی کوردستان هەر بەشێک بو لە تۆپی پێی عێراق. کەلتوری رەسمی هەوڵدەدا خەڵک بکاتە دوژمنی یەکتر بۆ ئەوەی خۆی شەرعییەتی مانەوەی هەبێ لەژێر ناوی پاراستنی نەتەوەی کورد لە دژی نەتەوەی عەرەب یا بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا لەو دیو ئەو رق-دابەشکردنە خۆیان خەریکی دابەشکردنی دەستەڵات و سەرچاوەکانن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا