کەمال چۆمانى 16/11/2022 66 جار خوێنراوەتەوە

ئەوەی هۆکاری کێشەیە ناتوانێ کێشە چارەسەر بکات

هەندێک کێشە هەن ئەگەر زو بیانبینی، ئەگەر هەنگاو بنێی، چارەسەرکردنیان ئاسانە. هەندێک کێشە هەن زو نایانبینی و درەنگ دەکەوێت، ئەوکاتیش زۆر زەحمەتە چارەسەرکردنیان. کێشە و قەیرانی گەورە، جا چ لەسەر ئاستی تاک بێ یان کۆمەڵگە، سیاسەت یان رێکخستنی ناو ماڵ، سەرەتا کێشەی زۆر بچوک بون بەڵام ئێستا هێندە گەورە بون مەحاڵە چارەسەر بکرێن.

لە حوکمڕانی و سیاسەتدا، ئەگەر رێتدا کێشەکانت گەورە بن، واتا تۆ شایانی حوکمڕانی و سیاسەتکردن نیت. هەر بۆیەشە کەم جار هەیە ئەوەی هۆکاری کێشە گەورەکان بێ، توانای چارەسەریی کێشەکانی هەبوبێ. هەمیشە حوکمڕان و هێزی دی هاتون کێشە گەورەکانی ئەوانەی پێش خۆیان چارەسەر کردون.

هەرکەس و هێز و حوکمڕانێکیش بیەوێ کێشە گەورەکان چارەسەر بکا، دەبێ لێهاتوییی حوکمڕانی و ویستێکی شۆڕشگێڕانەی هەبێ نەک خۆی بەشێکی گەورەی کێشەکان بێ و ئیدیعای چارەسەریی کێشەکان بکات.

چ مەسرور بارزانی و چ قوباد تاڵەبانی و چ بافێل تاڵەبانی، یان نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی، خودی کێشەن، کێشە گەورەکە، یان بەشێکن لەو کێشە گەورانە کە خۆیان دروستیان کردون. ئەوان نە توانای چارەسەریی کێشەکانیان هەیە، نە ویستیش. ئەو گروپە لەو دو بنەماڵەیە هێندە دڵسۆزییشیان نییە کە لە بۆشایی هەبونی توانا و لێهاتویی، دڵسۆزی و مۆرال و باوەڕییان بە چاکەی گشتیی بۆیان قەرەبو بکاتەوە.

بافێل تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنەکەی رووداوی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، چی گوت یان چی نەگوت گرنگ نییە، چونکە هیچی نەگوت سودی هەبێ. ئەو ئەگەر بهاتبوایە و دانی بە هەڵەکانی خۆی و بنەماڵە و حیزبەکەی بنابوایە و بیگوتبایە کە ئەوان خودی کێشەکەن بەڵام ئامادەییی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە، دەکرا هەنگاوێکی بچوک بوایە بۆ چارەسەریی کێشە گەورەکان.

بافێل رون و ئاشکرا دەڵێ کە کێشەی ئەوان لەگەڵ پارتی کێشەی دەستەڵاتخوازی و پاوانخوازیی سەرچاوەکانە، جا هەرکەسێک تەفسیری دیکەی بۆ دەکات، ئەوا یا رقە لە یەکێتی یا خۆشەویستییە بۆ یەکێتی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا