سه‌ربه‌ست نه‌ریمان
06/02/2021
696 جار خوێنراوەتەوە
هاوڵاتی گێل و گه‌مژه
سەربەست نەریمان
بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسی " ئیتان دولا بواسیه" له كۆیلایه‌تی ئاره‌زوومه‌ندانه‌دا ده‌ڵێت" كاتێك وڵات و نیشتیمانێك بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌كه‌وێته به‌ر داگیركاریی و حوكمی دیكتاتۆری و سه‌ركوتكردن، نه‌وه‌یه‌ك دروست ده‌بێت ئیتر پێویستیان به ئازادیی نیه، له‌گه‌ڵ زۆرداریدا ده‌ست و په‌نجه نه‌رم ده‌كه‌ن و ده‌بنه ته‌واوكه‌ری سیستمه تۆتالیتار‌و خۆسه‌پێنه‌كه به‌وه‌ی هیچ كات "نا" یان لێ نابیستی و كورد واته‌نی، ده‌ست ده‌گرن به كڵاوی خۆیانه‌وه تا "با" نه‌یبات..
ماوه‌ی زیاتر له 30 ساڵه هاوڵاتی له باشوری كوردستان به‌ده‌ست كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بونیادیه‌وه ده‌ناڵێنێت، كێشه‌ی سه‌رخۆشكردنی خود، یا ئالوده‌بوون به شێوازێكی جێگیریی ژیانكردن، له بازنه‌یه‌كی داخراودا دێت و ده‌چێت و بۆ جارێكیش سه‌ری ناكێشێت به‌و دیواره وه‌همیه‌ی به چوار ده‌وری خۆیدا دروستیكردووه...
هاوڵاتی گێل، یا وه‌كو ئه‌وه‌ی " ئیتان دولا" ناوی ناون "هاوڵاتی سه‌قامگیر"، به‌و هاوڵاتیانه ده‌وترێت كه له سایه‌ی ئیستیبداد و سته‌مكاریدا نه‌شونما ده‌كات، ئیدی باوه‌ڕی وایه، سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵات مافی خۆیانه هه‌رچۆنێكیان بوێت وابكه‌ن، به ئاشكرا حكومه‌ت له هه‌موو لایه‌كه‌وه سته‌م و دزی لێ ده‌كات، هاوڵاتی گێژو گه‌مژه له‌بری وه‌ستانه‌وه دژی سته‌مه‌كه، باوه‌ڕ به‌خۆی ده‌هێنێت دادپه‌روه‌ری مه‌حاڵه و به‌دینایه‌ت، ئیدی له‌و جیهانه دابڕاو‌و بچوكه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیدا هێدی هێدی ده‌بێته مشكی تاقیگه و هه‌ر رۆژه‌و بۆ تێستی سته‌مێك ده‌خرێته ژێر ئه‌زمون و به‌رده‌وام سیستمی به‌رگرییه‌كه‌ی به قبوڵكردنی زۆرترین سه‌ركوتكاریی بارده‌هێنرێت.
هاوڵاتی گێژ و گه‌مژه وه‌كو "ئیتان دۆلا بواسیه" پێناسه‌یكردووه، چوارچێوه‌ی خه‌ون و خولیا‌و گرنگیپێدانه‌كانی كورت ده‌بێته‌وه بۆ سێ ته‌وه‌ر كه بریتین له..
- ئاین؛ دینداریه‌كی روكه‌ش و بێ ناوه‌ڕۆك
- قوتی رۆژانه
- سه‌رگه‌رمیی و كات به‌سه‌ربردن
به‌لای هاوڵاتی گه‌مژه‌و گێژه‌وه، ئاین هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به چه‌سپاندنی عه‌داله‌ت و به‌گژاچونه‌وه‌ی سته‌م و پابه‌ندی ئه‌خلاقیه‌وه نیه، به‌ڵكو ته‌نها ئاین لای ئه‌و دینداریه‌كی روكه‌شه‌و له جێبه‌جێكردنی چه‌ند تقوس و دروشمێكدا كورت هه‌ڵدێنێت، لای ئه‌م تایپه له دیندار، ئاساییه بۆ به‌رده‌وامیدان به ژیانێكی كزۆڵه‌و نزم درۆبكه‌یت، به‌رتیل و ره‌شوه بده‌یت و بۆ سره‌ی سه‌مونخانه‌ش واسته‌و نۆره‌بڕێ بكه‌یت، هه‌رئه‌وه‌نده‌ش نا، زۆر به‌سانایی ده‌توانی دووڕوو بیت و له‌هه‌ركوێوه بای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی نزم هه‌ڵیكرد شه‌نی خۆت بكه‌یت.
به‌لای ئه‌م تایپه له دینداری به‌زیوه‌وه، قژی روت و ته‌نوره‌یه‌كی كورتی ژنێك، جێگای قبوڵكردن نیه، له‌سه‌ری هه‌ڵدەداتێ و خۆی ترش و توڕه ده‌كات، به‌ڵام باكی به‌و هه‌موو عه‌موده نیه ده‌سه‌ڵات بڕیوێتیه ژیانی خۆی و خانه‌واده‌و كۆمه‌ڵگاكه‌ی، له ئاست هه‌موو ئه‌و سته‌مكاریی و دزی و شه‌قاوه‌چێتی و پاشاگه‌ردانیه‌ی كه كه‌مینه‌یه‌كی خۆسه‌پێن له وڵات‌دا به‌رقه‌راریان كردووه، به‌رازێكی كه‌ڕو لاڵ و مل پانه و نقه‌ی لێوه نایه‌ت.
هاوڵاتی گه‌مژه‌و دینداری گێژ، خورپه به‌دڵیدا نایه‌ت كاتێك ده‌بینێت به‌به‌رچاویه‌وه، ده‌یان گه‌نج و مامۆستا و رۆژنامه‌نووس و چالاكوان، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی داوای سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانیان كردووه، ده‌خرێنه كونجی زیندان و جۆره‌ها تۆمه‌تی مه‌ترسیدار ده‌درێته پاڵیان كه ره‌نگه به‌هۆیه‌وه ته‌مه‌نێكی درێژ له زینداندا بهێڵرینه‌وه، به‌ڵام پاڵه‌په‌ستۆو شه‌ڕه شان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێته ریزی پێشه‌وه‌ی مزگه‌وت و بێباكانه‌ش له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و خودایه‌دا ده‌وه‌ستێت كه سته‌می به‌ڕه‌هایی حه‌رام و یاساغ و به‌گژاچونه‌وه‌شی وه‌كو نوێژ واجب كردووه..
بژێوی یا قوتی رۆژانه موسیبه‌تێكی دیكه‌یه‌و وه‌ك شه‌به‌ح به‌سه‌ر سه‌رو دڵی هاوڵاتی گه‌مژه‌وه نیشتووه، هاوڵاتی گه‌مژه سوڕی ژیانی به‌مجۆره‌یه؛ به‌هیچ جۆرێك به‌لای كاروباری سیاسی وڵاته‌كه‌یدا ناچێت، بۆی گرنگ نیه كێ حكومڕانی ده‌كات و چۆن ده‌یكات، لای ئه‌و جیاوازی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار و دادپه‌روه‌ردا نیه، چونكه ئه‌و له دنیا بچوك و نزمه‌كه‌ی خۆیدا ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگه، ئه‌گه‌ر نێر بێت ژن بهێنێت و ئه‌گه‌ر مێیه زوو شوو بكات و ئیدی هه‌ردوو توخمه‌كه ئه‌وه‌ی له ئه‌وله‌ویاتی ژیانیاندایه پارچه نانێكیان ده‌ستبكه‌وێـت و خه‌ریكی وه‌چه خستنه‌وه‌و گه‌وره‌كردنیان بن، لێرده‌دا ئه‌وه‌ی قوڕه‌كه خه‌ست و سه‌ختتر ده‌كاته‌وه گواستنه‌وه‌ی هه‌مان سوڕی ملكه‌چی و ژیانه نزمه‌كه‌یه بۆ منداڵ و نه‌وه‌كان، ئه‌گه‌ر وا نه‌با ته‌مه‌نی سته‌م و سته‌مكاریی هێنده درێژ نابوویه‌وه..
له دنیای ئه‌مرۆدا هۆكاره‌كانی سه‌رگه‌رمیی و كات به‌سه‌ربردن، كون وقوژبنی كۆمه‌ڵگایان ته‌نیوه، وه‌كو ئه‌وه‌ی نیعمه‌تێك بێت و بۆ هاوڵاتی گێل و گه‌مژه داباریبێت، ئه‌م تایپه گه‌مژه‌یه له باشترین جۆره‌كانی مۆبایل و ئایپاد و لاپ‌تۆپ و ئامێری زیره‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام به سه‌رێكی بۆش و ته‌نها بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كات و سه‌رگه‌رمی به‌كاریده‌هێنن، هه‌موو به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وته‌كه‌یان له سایه‌ی ته‌كنه‌لۆژیادا خۆ قه‌شمه‌ركردنیانه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌ندێ جاریش ناخی به‌زیوو روخاوی خۆیان له‌ژێر ده‌مامكی هه‌ژماری فه‌یك و نه‌ناسراودا نمایشده‌كه‌ن و په‌لاماری هه‌موو جوانیه‌كی كۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵیشیدا گه‌نوگوی وه‌كو "به‌یۆ" و سلیكۆناویه‌كانی دیكه ده‌كه‌نه نمونه‌ی باڵا‌و مژۆڵی ژیانی تایبه‌تی و تاتۆی پشته مل و سینگ و سمتی له‌شفرۆشه به‌ناو مۆدێله‌كان ده‌بن..ئیتر گێل و گه‌مژه سه‌ر ده‌ژه‌ننه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كاته‌كانیانی پێ به‌سه‌رده‌به‌ن.
فاكته‌ره‌كانی دروستبوونی هاوڵاتی گه‌مژه و گێل زۆرن، وه‌لێ كاریگه‌رترینیان، ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارو خۆسه‌پێن كه وه‌سائیلی جۆراوجۆر ده‌گرێته‌به‌ر تا تاكی هۆشیار له وڵات‌دا نه‌هێڵێت و تێكڕای كۆمه‌ڵگا بگه‌وجێنێت تا ئاسانتر بتوانێت ته‌لبه‌ندێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌وردا رایه‌ڵ بكات، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و میدیا و ته‌له‌فزیۆن و په‌یجه دابه‌سته‌كانی ده‌سه‌ڵات دیسانه‌وه فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌و گێلاندنه‌ی خه‌ڵك و هاوڵاتین، ناكرێت رۆڵ و كاریگه‌ریی خێزان و په‌روه‌رده‌و خوێندنیش كه‌متر له فاكته‌ره‌كانی دیكه سه‌یر بكه‌ین بۆ كه‌راندن و گه‌مژاندنی تاك و هاوڵاتی.
بۆ رزگاركردنی هاوڵاتی گه‌مژه كه به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پێكده‌هێنێت، پێویستمان به شۆڕشێكی فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیریی فراوانه تا دووباره بونیادی كه‌سایه‌تی كورد بنرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ین، كێ ده‌توانێ له‌گه‌ڵ گه‌مژه‌كان جیامان بكاته‌وه؟؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سه‌ربه‌ست نه‌ریمان