1 کاتژمێر پێش ئێستا
121 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: ئۆپهڕاسیۆنێكی كتوپڕمان كرده سهر بنكهكانی ئهمریكا له ناوچهكه
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ئوردن، بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج، لە بەرانبەریشدا سوپای ئوردن و کوەیت ڕایانگەیاند کە بەرپەرچی هێرشە ئاسمانییەکانیان داوەتەوە.
بەپێی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا)، سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمیر حەسەن لە ئوردن، ناوەندی فەرماندەیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و چەند بنکەیەکی دیکە، لەوانە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت.
هاوکات ماڵپەڕی نورنیوزی ئێرانی بڵاوی کردەوە کە هێرشەکان بەرفراوان بوون و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێرانەوە ئاڕاستە کراون. هەروەها بەرپرسێکی سەربازیی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان لەپاش چاودێریکردنی جموجووڵەکانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردووی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دراون و، بەهۆی کتوپڕیی ئۆپەراسیۆنەکەوە، پێشبینیی زیانێکی گیانیی زۆر دەکەن.
لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوانەدا، سوپای کوەیت ڕایگەیاند هێزە چەکدارەکانیان بەرپەرچی چەندین ئامانجی ئاسمانییان لەناو ئاسمانی وڵاتەکەیاندا داوەتەوە، هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو دەنگی تەقینەوانەی بیستراون دەرەنجامی کارکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ تێکشکاندنی هێرشەکان. هاوکات داوای لە هاووڵاتیان کرد پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی چوار مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوون و دزەیان کردبووە ناو ئاسمانی ئوردنەوە. سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە پڕۆسەی تێکشکاندنەکە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی و ماددی کۆتایی هاتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە