1 کاتژمێر پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
گرژییه سهربازییهكانی نێوان ئهمریكا و ئێران نرخی نهوتی بهرز كردهوه
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و هێرشە سەربازییەکان بۆسەر یەکتر و هەروەها لێدوانی دژبەیەک لەسەر داخستنی گەرووی هورمز.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت حەفتا و نۆ دۆلاری تێپەڕاند دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی لەسەدا ٥. ٤ بەرزبووەوە، لە هەمان کاتدا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس لە نزیک حەفتا و چوار دۆلاردا مامەڵەی پێوەکرا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند گەرووی هورمز "تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە" دادەخرێت، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەم ڕاگەیەندراوەی ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان هێرشی زیاتریان بۆ سەرچاوەی هەڕەشەکان ئەنجامداوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا، ئەو لێدوانە دژ بە یەکانەش بوونە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
هێرشەکانی پاشنیوەڕۆی یەکشەممە چوارەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بوون لە ماوەی هەفتەیەکدا؛ بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی سێنتکۆم، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ پەلامارێکی ئێران کە کەشتییەکی بارهەڵگری بە ئاڵای قوبرسەوە کردبووە ئامانج.
هاوکات تۆڕی میدیایی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە کە هێزەکانی سوپای پاسداران جارێکی دیکە تەقەیان لە چەند کەشتییەکی بازرگانی کردووە، بەپێی ماڵپەڕی بلومبێرگ ئەو هیرشانەش کە دەکرێنە سەر کەشتییە بازرگانی و بارهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز هۆکارێکی سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە