1 کاتژمێر پێش ئێستا
137 جار خوێنراوەتەوە
عەلی زەیدی: لە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پێشکەوتنمان بەدەست هێناوە
پەیام
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێش سەردانە فەرمییەکەی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند حکومەتەکەی لە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا رایگەیاند، سوورن لەسەر چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و هەروەها هێشتنەوەی چەک تەنیا لەدەستی هێزە فەرمییە چەکدارەکانی عێراق و لەو ڕووەوە پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە.
زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی لەپێشینەی کابینەکەی، بونیادنانی دەوڵەتێکە کە جێگەی شانازیی هاووڵاتییانی عێراق بێت.
لە ئێستادا عێراق ڕووبەڕووی فشاری بەردەوامی ئەمریکا بووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێرانەوە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکان و هێزەکانی ئەمریکا.
لەم چوارچێوەیەدا، وتەبێژی حکومەت دووپاتی کردەوە کۆنترۆڵکردنی چەک بڕیارێکی تەواو عێراقییە و پێشمەرجێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام، سەقامگیریی وڵات، بووژانەوەی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
هەر لە سەرەتای دەستبکاربوونیەوە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە تەواوی گرووپە چەکدارەکان کردووە کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. هەرچەندە بەشێک لەم گرووپانە ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەربڕیوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان هێشتا بە توندی ڕەتیدەکەنەوە، ئەمەش بەتایبەتی لەژێر سێبەری ململانێ و فشارەکانی ئەمریکادا ئاڵۆزیی زیاتری بۆ دۆخەکە دروستکردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە