سه‌ڵاح سالار 14/06/2022 112 جار خوێنراوەتەوە

کاریتە لە کفر هەڵناکەوێ

زۆر جار دەڵێین: بۆچی کورد هیچی بە هیچ نابێت؟! بەم پرسیارە پەندئامێزە دەردەدڵی خۆمان دەکەین و هەندێ شەنوکەوی دەکەین. جاران هەموو تاوانەکەمان دەخستە سەرشانی دوژمن، بەڵام ئێستا زۆرینەی ئۆباڵەکەی دەنێینە ملی خۆمان.
پاش ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت بۆمان دەرکەوت کورد بەو ئاسانییە دەوڵەتداریی بۆ ناکرێت و بۆ نابرێت بەڕێوە. ئەمە ئەزموونی سی ساڵی حوکمڕانیی کوردە، سێ دەیە بەدەم خۆشە، نەتەوەیەک نەتوانێت بە سێ دەیە ئەزموونێکی جوان پێکبهێنێت و نموونەیەکی مرۆڤدۆستیی و یاساسەروەریی پیشانی دونیا و دەوربەر بدات، سەرکردە و بەرپرسانێکی ئەم کوردە حکومەتەکەیان بەو جۆرەبێت کە هاووڵاتیی خۆیان وەک مرۆڤ سەیر نەکەن و هێندەی مەیموونێکی ئەوروپایی نرخ و بەهای بۆ دانەنێن، ئیدی ئەوەی قوربانیی داوە ئێستا حەسرەت هەڵدەکێشێت.

کە سەیری ئەم بەرپرسە زلانەی کورد دەکەیت لە سەرێ بۆ خوارێ تێیان ڕادەمێنیت ئەو نین کە ئومێدیان لەسەر هەڵچنرابوو، ئەمانە لە قۆناغی پێش دروستبوونی دەوڵەتی کوردییدان ئەوە باری خۆیان و دۆخی وڵات و حاڵی میللەتەکەیە، کە دەبوو ڕەفتاریان هێندە جوان و هەڵوێستیان ئەوەندە بەرز بوایە خەڵکیی بست بست باڵای بکردایە، بەڵام پێچەوانە کەوتەوە.

کاریتە، واتا نیرگە، ئەو دارەی سەری دارەڕای خانووی لەسەر دادەنرێت.

کفر: جۆرە دارێکە وەک داری بی، یان وەک تەروو، تەنیا دەبێتە دەوەن و نابێتە نەمام و داری گەورە و ئەستوور.

ئەزموونی حوکمڕانیی ئەم بەربرسانە ئێمەی گەیاندە ئەو بڕوایەی وەک پێشینان بڵێین: کاریتە لە کفر هەڵناکەوێ. واتا لەم بەرپرس و کاربەدەستانەی کورد هەیەتی بە ورد و درشتیانەوە ئەوە نین پیاوی حوکمڕانیی بن، دەوڵەتدارییش بەمانە ناکرێت.
لەسەر بیروڕای سیاسیی خەڵک نانبڕاو دەکەن، مووچەی مووچەخۆر دەخۆن، سەراپایان لەگەندەڵییدا نوقم بووە، خەڵک دەچەوسێننەوە، لەسەر بنەمای ئینتیمای حزبیی هاووڵاتیی بێبەش لە ماف و ئیمیتاز دەکەن و هەواداری خۆیان دادەمەزرێنن، هەر بەرپرسە و شیو دۆڵ داگیر دەکەن و سەرزەمینیشیان بەگیر هێناوە، کارەبا و نەوت و بەنزین و گاز و غازیان هێندە گرانکردووە پشتی هەژارانی شکاندووە، تەنانەت ئاوی خواردەوەشیان وەکو پێویست بۆ خەڵک دابین نەکردووە.

دەیان و سەدان نموونەی ناشیرین و نامرۆڤانە لەم بەرپرسانەی کورد دەبینیت و دەبیستیت، تا دەگاتە چەوساندنەوەی خەڵک و دەستخستنە بینی میللەت، کاتێکیش خەڵک داوای مافی خۆی دەکات و خۆپیشاندانی هێمنانە و دیموکراسییانە بەڕێوەدەبن، بە فیشەک وەڵامیان دەدرێتەوە و کوشتن و برینداربوون و دەستگیرکردن بەشیانە و هەر بەناوی یاساوە سزای قورسیان دەدەن.

کاتێ مامۆستا داوای مافی خۆی دەکات بە بەرچاوی هەمووانەوە سەری دەشکێنن و بەر شەقی دەدەن، مەلا و مامۆستای ئایینییش لە پیشەکەی دەردەکەن و دەیکوژن و ڕیشی دەسووتێنن و سووکایەتیی بەخۆی و بێڕێزیی تەواویش بەرانبەر بە خودا و پەیامبەرەکەی دەکەن.

خەڵک کە ستەمی لێ دەکرێت پەنا بۆ دادگا دەبەن و لەوێش مافیان نادەنێ و لەناو حەرەمی دادگاشدا بینییمان شەقیان لە ژن هەڵدا، خوشکی جگەرسووتاو کە داوای خوێنی برا کوژراوەکەی دەکات شەقی تێهەڵدەدەن و ئەوپەڕی بێڕێزیی بەرانبەر دەکەن.
ئێمە نابێت ئەم بابەتە لەو پۆلیس و کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان قەتیس بکەین کە شەقوەشێنن، ئەوانە خۆیان پەرورەدەری حزبیی و خێزانیی و فەرمانگەییان لەوە زیاتری تیا نەبووە، دەنا ئەگەر فەرمانیشی پێبکەن شەق لە ژن و مامۆستا هەڵبدات، ئەگەر خۆی مرۆڤاییەتی بزانێت و تێیدابێت پەیڕەویی فەرمانەکە ناکات و ڕەفتاریی جوانی خۆی دەنوێنێت، نەک بەو دڕندەییە دەربکەوێت.

بنەڕەتی ڕەفتارەکە حزبی دەسەڵات و حکومەتە، کە هەمووجارێک هێزەکانیان بەناشیرینترین شێواز میللەتی خۆیان دەدەن بەرشەق و کوشتن و گرتن و سووکایەتییکردن پێیان، کەچی لەبری سزا پاداشتیان دەکەن و دڵی خەڵکەکەش پرحەسرەت دەکەن.
دەتوانیت هەزاران نموونەی ناشیرینی ئەم دەسەڵات و بەرپرسانەی کوردستان باس بکەیت و بە کتێبێکیش جێی نابیتەوە، نەک بە وتارێک، بۆیە هەر ئەو پەندە پڕ بە پێستی ئەمانەیە و بڵێین: کاریتە لە کفر هەڵناکەوێ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا