2 کاتژمێر پێش ئێستا
78 جار خوێنراوەتەوە
گروسی: هەشت مانگە نەمانتوانیوە پشكنین بۆ یۆرانیۆمی ئێران بكەین
پەیام
ڕافایل گرۆسی ڕایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەشت مانگە نەیتوانیوە پشكنین بۆ یۆرانیۆمی ئێران بكات و گەڕانەوەی پشكێنەرانیش مەرجی هەر ڕێككەوتنێكە.
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، گەڕانەوەی پشكێنەرانی ئاژانسەكە بۆ وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران مەرجێكی بنەڕەتی و پێویستە پێش هەر ڕێككەوتنێك لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە.
گرۆسی ئاشكرای كرد، ئاژانسەكە زیاتر لە هەشت مانگە نەیتوانیوە پشكنین بۆ كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی تاران بكات و ئێستا تەنها لەسەر بنەمای زانیارییەكانی ئێران گریمانە دەكەن، كە ماددە ئەتۆمییەكان لەو شوێنانە مابن كە پێش هێرشە سەربازییەكانی دوایی تێیدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ئاژانسەكە، ئێستا ئێران خاوەنی زیاتر لە 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی 60%، كە ئەمەش ئاستێكی زۆر نزیكە لە بەكارهێنانی سەربازی.
گرۆسی ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی ئەو سنوورداركردنانەی خراونەتە بەردەم پشكێنەران، ئاژانسەكە توانای نییە دڵنیا بێتەوە لەوەی ئایا پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە یان ڕاگیراوە.
جەختیشی كردەوە، كە دەستپێكردنەوەی پشكنینە مەیدانییەكان بۆ بنیاتنانەوەی وێنەیەكی ڕاست و دروست لەسەر دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران زۆر گرنگە و نابێت پشتگوێ بخرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە