سه‌ڵاح سالار 14/11/2021 195 جار خوێنراوەتەوە

سەبارەت بە یادی سلێمانی

یەکەم: دەربارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، واتا 14ی تشرینی دووەمی 1784 خیلاف و جیاوازیی زۆر هەیە.
دکتۆر زرار سدیق تۆفیق لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر دروستکردنی شاری سلێمانی کردووە و بەڵگەکانی لای ئەو دەیسلەمێنن سلێمانی ئەگەر لە 1784یشدا دەست بەدروستکردنی کرابێت، ئەوا ساڵی 1785 یان 1786 شارەکە ئاوەدانکراوەتەوە و پایتەختی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالانەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری نوێی سلێمانی.

دووەم: سەبارەت بە ڕۆژی 14ی تشرینی دووەم، جیاوازیی زۆر هەیە. چونکە بەڵگەی نووسراومان نییە ئەو ڕۆژەمان بۆ دیاریی بکات، بەڵکو زیاتر بەراوردکاریی و شیکارییە.
هەروەها دوو بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر ئەوەی ئایا شاری نوێ لە پاییزدا تەواو بووە، یان لە بەهاردا؟ چەند ساڵێک بەرلەئێستا هەوڵێک درا یادی سلێمانی بخرێتە وەرزی بەهارەوە و گوتیان ناگونجێت لە پاییز و کاتی سەرپەڵە و باراندا شار بونیاد نرابێت و دەبێت وەرزی بەهار دیاریی بکەین، چونکە ئەوەیان گونجاوترە.

بەڵام ئەم دەستەیە بەهەڵەیەکی گەورەداچوون، چونکە بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە ئەو سەردەمە شارستانیەت وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە و بارودۆخی ئەوکات و کەشوهەوای ئەو سەردەمە کە باران و بەفری ڕادەبەدەر دەباریی چۆن لە وەرزی پاییز و بەدوای ئەویشدا زستانی بەفرانبار و ڕێبەندان شارێکی وا گەورە بونیاد دەنرێت و دەست بە دروستکردنی دەکرێت! ئەمە بۆچوونێکی نالۆژیکییە و هەر زوو پووکایەوە.
لەبەرانبەری ئەواندا دەکرێت بڵێین: لەسەرەتای بەهار دەستکراوە بە دروستکردنی شار و بەهاوین و تا ناوەڕاستی پاییز تەواو کراوە و گواستوویانەتەوە ناوی. خۆ ئەگەر ساڵێکیش زیاتری خایاندبیت، هەر کەشوهەوا وای خواستووە لە بەهار و هاویندا کاری تێدا بکەن و پاییز تەواو ببێت و بگوازنەوە بۆ شاری نوێ.

ئینجا ئەگەر ڕۆژەکەش بەڵگەی لەسەر نەبێت نابێتە گرفتێکی ئەوتۆ، چونکە دەکرێت ڕۆژێک بۆ یادی شار دانبرێت و ناوی بنێن ڕۆژی سلێمانی. بۆیە 14ی تشرینی دووەم ڕۆژێکی گونجاوە و لۆژیکیش قبووڵی دەکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا