سه‌ڵاح سالار
20/02/2020
712 جار خوێنراوەتەوە
ورده‌كاریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران
سه‌ڵاح سالار
سبه‌ی له ئێران بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕاده‌گیرێت و دووسبه‌ی، هه‌ینی 21ی شوباتی 2020 هه‌ڵبژاردن بۆ خولی یازده‌یه‌می ئه‌نجوومه‌نی شورای ئیسلانی ئێران (په‌رله‌مانی ئێران) و خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان (مجلس خبرگان) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ئێران پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌یه، خوله‌كانی پێشوو لیستی زۆر و زه‌به‌نه هه‌بوون، بۆ نموونه: لیستی ئوسڵگه‌را، لیستی میانڕه‌و، لیستی ئومێد، هاوپه‌یمانی كورده‌كانی تاران و پارێزگای خۆراسانی باكوور، جگه له به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد و ته‌نانه‌ت جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌و ئیسڵاح (ئیخوانه‌كانی ئێران)، به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌موو ئه‌و لیسته گه‌ورانه بایكۆتیان كردووه، جگه له به‌ره‌ی ئوسوڵگه‌را.
كورد و كورسییه‌كانی:
ـ پارێزگای كرماشان: خاوه‌نی 8 كورسیی په‌رله‌مانه.
ـ پارێزگای كوردستان (سنه): خاوه‌نی 6 كورسیی په‌رله‌مانه.
ـ پاریزگای ئیلام: خاوه‌نی: 3 كورسیی په‌رله‌مانه.
ـ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ): خاوه‌نی 12 كورسیی په‌رله‌مانه.
به‌ڵام ورمێ زۆرینه‌ی ئازه‌ریی و كورد نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مه، بۆیه زۆرترینی كورسییه‌كان بۆ ئازه‌رییه‌كانه و ته‌نیا 4 تا 6 كورسیی ئه‌گه‌ر كورد بیباته‌وه، ئه‌گه‌ر 6 كورسیی بباته‌وه ئه‌وه نیوه‌ی بردووه و سه‌ركه‌وتووه، به‌ڵام هه‌میشه له نیوه كه‌متری بردووه‌ته‌وه.
له تاران و خۆراسانی باكووریش كورد ده‌توانێت نزیكه‌ی 5 كورسییه‌ك بباته‌وه و ئه‌گه‌ر وردتر كاری بۆ بكه‌ن كورسیی زیاتریش ده‌به‌نه‌وه.
ئه‌مه جگه له پارێزگاكانی لوڕستان، چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاری، كیهگیلۆیه و بۆیه‌ر ئه‌حمه‌د، كه ئه‌و سێ پاریزگایه لوڕ و به‌ختیاریی و له‌كن و هه‌موو به نه‌ژاد و بنچینه كورد، به‌ڵام جگه له له‌ك ئه‌وانی تر خۆیان به كورد نازانن، به‌تایبه‌ت به‌ختیارییه‌كان.
په‌رله‌مانی ئێران ژماره‌ی كورسییه‌كانی 290 كورسییه، 5 كورسیی كۆتای كه‌مینه‌كانه، 285 كورسییه‌كه‌ی تر بۆ هه‌موو ئێرانییه‌كانه.
پاریزگاكانی كوردستان به‌مشێوه‌یه كورسییه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن:
ـ ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ): ژماره‌ی دانیشتووانی: بریتییه له: 3،080،576 كه‌س، ژماره‌ی كورسییه‌كانی بریتییه له 12 كورسی، هه‌ر كورسییه‌كه پێویستی به: 256 هه‌زار و 714 ده‌نگه.
ـ پارێزگای كرماشان: ژماره‌ی دانیشتووانی بریتییه له: 1،945،227 كه‌س، ژماره‌ی كورسییه‌كانی بریتییه له: 8 كورسی، هه‌ر كورسییه‌ك پێویستی به: 243 هه‌زار و 153 ده‌نگ هه‌یه.
ـ پارێزگای كوردستان (سنه): ژماره‌ی دانیشتووانی بریتییه له: 1،493،645 كه‌س، هه‌ر كورسییه‌ك پێویستی به: 248 هه‌زار و 940 ده‌نگ هه‌یه.
له خولی پێشوو، كه له 26ی شوباتی 2016 به‌ڕێوه‌چوو، كورد جگه له ده‌نگه مسۆگه‌ره‌كانی كرماشان و سنه و ئیلام كه ده‌كاته 17 كورسی، له ورمێ له خولی یه‌كه‌مدا 4 نوێنه‌ری ده‌رچوو، له تارانیش 3 كاندیدی كورد سه‌ركه‌وتن. بۆیه له خولی ده‌یه‌م ژماره‌ی كورسییه‌كانی كورد گه‌یشته 25 كورسی.
به‌ڵام ئه‌مجاره به‌هۆی بایكۆتی گه‌وره‌ی كورد و ئیسڵاحییه‌كانی كورد ئه‌وه‌ی به مسۆگه‌ریی بۆ كورد ده‌مێنێته‌وه ته‌نیا 17 كورسییه‌كه‌ی سێ پارێزگاكه‌ی: ( كرماشان، سنه و ئیلامه، ده‌نگه‌كانی ورمێی دیار نییه و ئه‌گه‌ر هه‌یه ته‌نیا 3 بۆ 4 كورسیی بباته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه كورد له تاران و خۆراسان چاوه‌ڕێی كورسیی لێ ناكرێت، ڕه‌نگه ته‌نیا 20 كورسیی بۆ بمێنێته‌وه.
ئه‌و 5 كورسییه‌ی كه‌مینه‌كانیش به‌مجۆره‌یه:
ـ جووله‌كه (كه‌لیمی): 1 كورسی.
ـ زه‌رده‌شتی: 1 كورسی.
ـ ئه‌رمه‌نیی باشوور: 1 كورسی.
ـ ئه‌رمه‌نیی باكوور: 1 كورسی.
ـ كلدۆ و ئاشووری: 1 كورسی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سه‌ڵاح سالار