نازم عه‌بدوڵڵا 15/11/2023 119 جار خوێنراوەتەوە

لادانی حەلبوسی.. ئەو قوڕەی کە تۆزی لێ هەڵناسێت

لە دوای ٢٠٠٣وە سووننەکانی عێراق نەیانتوانیوە لە پرۆسەی سیاسی نوێدا شوێن پێی خۆیان بپارێزن و بوونی سیاسی خۆیان لە دامەزراوە سیاسیەکاندا بەرجەستە بکەن، بەڵکو هەمیشە لە بەردەم هەرەشەی شیعەدا بوون و بەردەوامیش دۆراو بوون.
سووننەکانی دوای ٢٠٠٣ لەنێوخۆیاندا نەک یەکگرتوو نەبوون بەڵکو ناکۆکی قوڵی ناوخۆیی خۆیان یەکێک بووە لە خاڵە لاوازەکانیان لە ململانێ سیاسیەکانیاندا و ئەوانی تر توانییان سوودی لێ وەربگرن بۆ لێدانی یەک بەیەکیان.

کاتێک تاریق هاشمی جێگری سەرۆک کۆمار و کەسایەتیی دیاری سووننەکان لەلایەن مالکیەوە دوورخرایەوە ئەوەی زیاتر پاڵی پێوەنا بڕوات و نەگەرێتەوە، سووننەکان بوون کە هیچ پشتیوانیان نەکرد و بگرە بەدڵیشیان بوو ساحەکەیان بۆ چۆڵ بێت، بە هەمان شێوە کاتێک رافیع عیساوی وەزیری دارایی عێراق و کەسایەتی دیاری سووننەکان لەلایەن مالکیەوە تۆمەتبار کرا و دەرکرا، سەرکردەکانی وەک نوجەیفی و ساڵح موتڵەگ و ئەوانیتر پشتیان تێکرد و ئەویش ئاودیوی سنوور کرا نەگەڕایەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی کێشە یاساییەکەی بۆ چاک کراو هاتەوە عێراق.

ئەم رووداوەی ئێستای حەلبوسیش بە بەراورد بە کەیسە هاوشێوەکانی لە نێو سەرکرادیەتی سووننەکاندا، لەم روانگانەوە دەتوانین لەسەری بووەستین:

یەکەم: حەلبوسی وەک کەسایەتیی سوننی لە رووی جەماوەری و کوتلەی پەلەرمانییەوە بەهێز بوو، ماوەی دوو خولیشە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، بۆیە تاکە سەرکردەیە توانیبێتی بۆ جاری دووەم هەمان پۆست وەربگرێتەوە و بەهێزیی خۆی پیشانی ئەوانی تر بدات، ئەمەش بۆ نەیارەکانی هەم لە سوننە و هەم لە شیعە جێگەی دڵخۆشی نەبوو، بۆیە بەردەوام لە هەلێکی ئاوا دەگەڕان.

دووەم: حەلبوسی هاوپەیمانی ئەمریکا بوو، یان با بڵێین لە بەرەی ئەمریکا حساب دەکرا، بەتایبەت کە ویست و خواستی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە سونییانەدا باش بوو کە هاوپەیمانی ئەمریکان، ئەم هاوئاوازییەی لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لەم کاتەدا کە لەناوچەکە ئەمریکا لەبەردەم هەڕەشەی نەیارەکانیدایە؛ بۆ شیعە سەرکەوتنە، کە کەنارگیری بکەن و نەگەڕێتەوە کایە سیاسییەکان.

سێیەم: هاوپەیمانیە سێ قۆڵییەکەی سەدر و حەلبوسی و بارزانی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسی و ئیدارییەکانی ناو پێکهاتەکان و دامەزراوە سیاسییەکان کە نزیک بوو سەرلەبەری ئەوەی دروستکرابوو لە دوای ٢٠٠٣ تێکبچێت، (بریا تێکبچوایە) لە لای ئەوانی تر یاریکردنە بە ئاگر وسەرەتا سەدری سوتاند و ئێستاش حەلبوسی بووەتە قوربانیی.

چوارەم: مەترسی هەبوو حەلبوسی بەتەواوەتی دەنگێکی زۆری سوننەکان ببات لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا سونییەکان و پێگەکەی زیاتر بەهێز تر بێت و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو کورسییەکانی زیاتر بکات، بوونی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان خاڵی بەهێزی بوو بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی زیاتر بێت لەم ڕوەوە ، بۆیە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لادرا تا نەتوانێت سوود لەپۆستەکەی وەربگرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر و بەهێزبوونێک کە ئاسان نەبێت پشگوێ خستنی.
پێنجەم: ئێستا حەلبوسی و پارتەکەی و بەشداربووانی لە پرۆسەی سیاسی و حکومیدا هەڵوێستیان وەرگرتووە، بەڵام پێموایە هیچی لێ سەوز نابێت، چونکە نە ئەوەندە بەهێزە بتوانێت بە تەنها خۆی پرۆسەی سیاسی پەک بخات نەسوننەکانی تریش پاڵپشتی لێدەکەن.

بۆیە هەوڵەکانی لە چوارچێوەی ناڕەزایی و بەیاننامە و بوون بە ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر شیعە و دەسەڵاتدا هیچی تری لێچاوەڕوان ناکرێت، بەکورتی قوڕێکە تۆزی لێ هەڵناسێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا