05/06/2021
283 جار خوێنراوەتەوە
سەرکردەیەکى پارتى: پێویستە حکومەتى عێراق پەکەکەو میلیشیاکانى شیعە لە شەنگال دەربکات
پەیام
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، بۆ ئەوەی ئاگرەكەی كامپی شاریا لە دهۆک دووبارە نەبێتەوە، پێویستە حكومەتی عێراق پەكەكەو میلیشیاکانى شیعە لە شنگال دەربكات.
عەلی عەونی لە نوسینێکدا لە فەیسبوکى خۆى لەبارەی ئاگرەکەی کامپی شاریا لە دهۆک رایگەیاندووە، "نزیکەی 400 خێوەتی ئاوارەکانی شنگال لە کامپی شاریا لە دھۆک سوتان، ئەوە حەوت ساڵە خەڵکی شنگال لە کامپەکان و لەژێر خێوەتگەلی ناشیاو بۆ ژیان، دەژین، سەرەڕای راگەیاندنی سەرکەوتنی شەڕ بەسەر داعشدا، ھێشتاش خەڵک ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ شنگال".
راشیگەیاندووە: ئەگەر پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال نەبونایە و ئەگەر حکومەتی عێراق رێککەوتنی خۆی لەگەڵ حکومەتی کوردستان جێبەجێ بکردایە، شنگالییەکان بە دڵنیایی و بڕواوە دەگەڕانەوە سەر جێواری خۆیان، "خەڵک ئامادەیە لە ژێر ئەم خیوەتانە بژیت بەڵام ئامادە نییە بچێتە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە و حەشد".
عەلی عەونی باسی لەوەشکردوە، "ئەو چەند ماڵەش کە گەڕابونەوە شنگال جارێکی دیکە بە پەلەپەل گەڕانەوە بۆ ژێر خێوەتەکان، ئەوە چەندین جارە کە روداوی ئاگرکەوتن لەم کامپانە رودەدات و قوربانیی گیانییشی ھەبووە، بۆ ئەوەی کە چیتر ئەم کارەساتانە دووبارە نەبن، پێویستە حکومەتی عێراق بە زوترین کات رێککەوتنەکەی خۆی لەگەڵ حکومەتی کوردستان جێبەجێ بکات و میلیشاکانی شیعە و پەکەکە لە شنگال دەربکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال" .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە