06/07/2022 487 جار خوێنراوەتەوە

پێنج تێکدەری دەرووندروستی، خۆتیان لێبپارێزە

هەندێک چالاکی و ڕووداو هەن، دەبنە هۆی تێکدانی دەرووندروستی تاک، پێویستە مرۆڤ خۆی لێیان بەدوربگرێت، ئێمە پێیان دەڵێین "تێکدەرانی دەرووندروستی"! پێنج تێکدەری سەرەکی بریتین لە:
یەکەم:
بینین و گوێبیستبوونی دیمەن و هەواڵی ترسێنەر و نەخوازراو؛ دیمەن و ڕووداوە ترسناکەکان کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر دەروونی مرۆڤ و زیانی لێدەدەن. ئەمەش بەگوێرەی تەمەن و ڕەگەزی کەسەکە دەگۆڕێت، هەروەها شێواز و کاتی بینین و بەرکەوتن بە هەواڵەکە کاریگەری هەیە. بۆنمونە لە تەمەنی منداڵی دیمەنە ترسێنەرەکان کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر دەرووندروستی، هەروەها کاتێک کەسەکە لە خەودایە و ڕادەچڵەکێت و هەواڵێکی ناخۆشی دەدەنێ، توشی فشاری توندی دەکات،...
دووەم:
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر؛ ئەم ماددانە بە چەندین شێواز کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست دەکەن، بۆنمونە بەهۆی بەکارهێنان یان وازهێنانی لەناکاو لە ماددەکان توشی چەندین نەخۆشی دەروونی وەکو خەمۆکی، زوهان، دڵەڕاوکێ.. دەبن یان ئەگەر زۆر بەکاریان بهێنێت ئالودەیان دەبێت و بەهۆیەوە توشی کێشەی خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، یاسایی، .. دەبێت. لەبەرئەوە دوورکەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەر، وەکو خواردنەوەی مەی و جگەرە و نێرگەلەکێشان و ماددە هۆشبەرە جیاوازەکانی تر، هۆکارێکی باشە بۆ پاراستنی دەرووندروستی تاک.
سێیەم:
 بەکارهێنانی دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشک؛ کاتێک کەسێک کێشەیەکی جەستەیی هەیە، جا ئازاربێت یان ناڕەحەتی بەهۆی پەتا و نەخۆشییە جەستەییەکانی تر، پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی دەرمان، ئەگەر ئەم بەکارهێنانە بەبێ ڕاوێژی پزیشکی بوو، ئەوە بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر دەرووندروستی تاک، بەتایبەت کە ئێستا هەندێک دەرمان کە کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر دەرووندروستی تاک زۆر بەکاردەهێندرێن، بەتایبەت ئەو ماددانەی کە بە ستیرۆید ناسراون (وەکو حەپی پریدنیزۆڵۆن) زۆر بەربڵاو بەکاردێت، بۆنمونە بۆ هەستیاری و پەتا و قەڵەوبوون بەکاردێت کە زۆرجار کەسەکە توشی خەمۆکی وتێکچوونی دەروونی دەکات، یان ئەو دەرمانانەی بۆ لاوازی جەستە بەکاردێن یان تەنانەت حەپی ئازاری گەدە و دەرمانە ئازارشکێنەکان ئەگەر بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکاربهێندرێن مەترسی دروستدەکەن بۆ دەرووندروستی تاک!
چوارەم:
 بەرکەوتنی زۆر و بەردەوام بە کەسانی نەرێنی؛ ئەو جۆرە کەسانەی کە بەردەوام بە نەرێنی لە ژیان دەڕوانن، هەمیشە پڕن لە گلەیی و لۆمە و سکاڵا لە ژیانیان، گوفتار و ڕەفتاریان هەمیشە بەشێوەیەکە مرۆڤ ڕەشبیندەکەن وزەی نەرێنی دەگوازنەوە بۆ بەرامبەر. پێویستە خۆت لەم کەسانە بەدوربگریت و خۆتیان لێبپارێزیت!
پێنجەم:
 بیری نەرێنی؛ خۆرەی خۆشییەکان و سەرچاوەی دڵەڕاوکێی تاکە، ژیان دەکاتە تاریکستان، چەندین نەخۆشی و گرفتی دەروونی بەهۆیەوە توشی تاک دەبن. پێویستە خۆمان لە بیرکردنەوەی نەرێنی بپارێزین و هەوڵبدەین هاوەڵی نەکەین!

د.جەعفەر عومەر
پزیشکی پسپۆری دەروونی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 06/05/2024

    پزیشکێکی پسپۆڕی دەرونی: تۆ دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە خۆکوژی

  • 25/03/2024

    چۆن هاوکاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی بکەین؟

  • 11/02/2024

    رێنمایی بۆ خەوێکی تەندروست

  • 23/08/2023

    چۆن منداڵەکانمان بپارێزین لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان

  • 20/07/2023

    چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت؟

  • 12/06/2023

    زیاترله‌ سێیه‌كی گه‌نجانی‌ ئه‌ڵمانیا توندوتیژییان دژی‌ ژنان ئه‌نجامداوه‌

  • 09/01/2023

    چۆن مامەڵە لە گەڵ منداڵان لە قۆناغی باخچەی ساوایان بکەین؟

  • 03/12/2022

    ئەنجامدانى توندوتیژی دژی ئافره‌تان خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

سەرەتا