1 کاتژمێر پێش ئێستا
83 جار خوێنراوەتەوە
نەیارانی جەنگ بۆ سەر ئێران لە ناوخۆی ئەمریکا لە زیادبووندایە
پهیام
ئەمریکا سیاسەتی خۆی بەرانبەر ئێران لە کردەوەی سەربازییەوە بۆ گەمارۆدانی سیاسی گۆڕیوە و تادێت نەیاراننی جەنگ بۆ سەر ئێران لە ناوخۆی ئەمریکا لە زیادبووندایە.
دۆناڵد ترهمپ دەڵێت لە ڕێگەی گەمارۆی دەریایی خنکاندنی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات گەمارۆی ئابووری بەتەنیا بەسەر بۆئەوەی ئێران ناچار بە سازش بکات.
دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەسەر داوای هاوپەیمانەکانی لە کەنداو، هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران راگرتووە و هیچ پاساوێکیش بۆ هێرشی سەربازیی نوێ دژی تاران نابینێت.
بە بڕوای ترهمپ چیدیکه لەبری هێرشی سەربازی، لە ڕێگەی گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و ئۆپەراسیۆنی دەروازەی ئاسنینەوە بۆ داخستنی ڕێڕەوە وشکانییەکان، ستراتیژی خنکاندنی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پاریس، بە تەواوی بەرگری لەم سیاسەتە دەکات و بە بژاردەی سێیەم ناوی دەبات. ڕۆبیۆ پێشی وایە لەنێوان جەنگ و ڕێککەوتنێکی لاوازدا، ئەم گەمارۆ ئابوورییە بە تەنها بەسە بۆئەوەی تاران ناچار بە سازش بکات بەبێ پەنابردنە بەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
سەرەڕای پشتگیرییەکانی ڕۆبیۆ، بەڵام لە ناوخۆی ئیدارەکەی ترهمپدا دەنگێکی جیاواز دەبیسترێت، لەوانەش جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە بە پێچەوانەی ڕۆبیۆ-وە داوای کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگ و قەیرانەکە دەکات لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە. ڤانس پێی وایە درێژەکێشانی ئەم دۆخە باجێکی سیاسیی قورس بە حیزبی کۆماری دەدات، لەبەرئەوە پێویستە ڕابگیرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە نەیارانی جەنگی ئەمریکا بۆسەر ئێران لەناوخۆی ئەو وڵاتە لە زیادبووندایە، بەتایبەت کە پێشتر زەبری کوشندەی بە ئابووریی ئەمریکا گەیاندووە و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا بە دانپیانانی ترهمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی، بوونە هۆی شکست و کەمبوونەوەی کورسییەکانی پارتی کۆماری لە کۆنگرێس.
لەو چوارچێوەیەدا بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆی ئەمریکا ڕایگەیاند، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران هاوشێوەی جەنگی ڤێتنام و داگیرکردنی عێراق، لەسەر بنەمای درۆ بنیاتنراوە.
لای خۆشیانەوە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتن دەیەوێت بە کەمترین تێچووی سەربازی زۆرترین دەستکەوتی سیاسی لە ئێران بچنێتەوە، بەڵام جیاوازیی دیدگای نێوان ڕۆبیۆ و ڤانس دەریدەخات فشارە ناوخۆییەکان و هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان، کاتی بەردەستی ترهمپیان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم گەمە ئابوورییە سنووردار کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە